سەردێڕ:

زانایان رێگەیەکی نوێی بێ ئازار و کاریگەرتریان بۆ پێدانی ڤاکسین پەرەپێدا

PM:05:44:29/09/2021

9656 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی زانکۆی نۆرس کارۆلینا- چاپڵ هیڵی ئەمەریکی، شێوازێکی نوێی ڤاکسینیان داهێناوە کە لەسەر شێوەی چوارگۆشەیەکی بچوک و لە رێگەی لەزگەوە لەسەر پێست دادەنرێت و ڤاکسینەکە دەگەیەنێتە خانە بەرگرییەکانی پێست و ٥٠ هێندەی ڤاکسینەکانی دیکە کاریگەرترە.


ماڵپەڕی سایەنس ئەلێرت بڵاویکردەوە، زانایان پەرەیان بە جۆرە ڤاکسینێکداوە، لەکاتی بەکارهێنانیدا هیج ئازارێکی نییە، چونکە هاوشێوەی ڤاکسینە کلاسیکییەکان لە رێگەی دەرزییەوە بەکارناهێنرێت، بەڵکو هاوشێوەی لەزگە لەسەر پێست دادەنرێت.

بەگوێرەی ماڵپەرەکە، روکاری پارچە ڤاکسینەکە بە دەرزی کورت ئاژنین کراوە و لەسەر روی دەرەوەی پێست دادەنرێت و ڤاکسینەکە دەچێتە ژێر پێستەوە، هاوشیوەی ڤاکسینە باوەکان نییە لە رێگەی دەرزییەوە بنێردرێتە ناو قوڵایی پێستەوە و ئازاریشی هەبێت.

یەکێک لە تایبەتمەندێتییەکانی دیکەی ڤاکسینەکە ئەوەیە، هەموو کەس دەتوانێت بۆخۆی بەکاری بهێنێت و چی دیکە پێویست ناکات سەردانی نەخۆشخانە و پزیشک و پەرستار بکرێت تا ڤاکسینەکە وەربگیرێت.

ڤاکسینەکە راستەوخۆ لە نزیک خانە بەرگرییەکانی پێستەوە وەردەگیرێت و بەگوێرەی ماڵپەری سایەنس ئەلێرت کاریگەرییەکەی ٥٠ هێندەی ڤاکسینە باوەکان زیاترە.

ئەو لەزگەیەی ڤاکسینەکەی پێوەردەگیرێت لە رێگەی تەکنەلۆجیای سێ دوورییەوە دروستکراوە و پێیدەوترێت continuous liquid interface" production" بەرهەمهێنانی روکاری شلەمەنی بەردەوام و بەهۆی بەکارهێنانی تیشکی سەروبنەوشەییەوە قەبارە و دوری نێوان دەرزییەکان دەستنیشان کراون.

تیمی توێژەرەوە و ئامادەکاری ڤاکسینەکە ئاماژەیان بەوەشداوە، دەکرێت ڤاکسینەکە بەشێوازێک دیزاین بکرێت بتوانرێت بۆ پێدانی ڤاکسینەکانی ئەنفلۆنزا و دڕکە و مێکوتە و هەوکردنی جگەر و تەنانەت بۆ کۆرۆناش بەکاربهێنرێت.

جۆزیف دیسیمۆن، ئەندازیاری کیمیایی لە زانکۆی ستانفۆرد رایگەیاند، "لەڕێگەی ئەم پەرەپێدانەوە دەتوانین لەمەودوا بەکەمترین تێچوون و کەمترین ژەمە ڤاکسین و ئازارێکی کەمتر و رێگەیەکی خێراتر بنەمایەکی جیهانی بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینەکان داڕێژین".

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا هێشتا بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینەکە بۆ مرۆڤ پێویستی بە تاقیکردنەوەی زیاترهەیە و ئاسانیش نییە بەشێوەیەکی فراوان بڕێکی زۆر بەردەست بخرێت.

 


کـ، ئـ













گەلەری