وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی بنەمای مامەڵەکردنی هاوشێوە، حکومەتی فیدڕاڵی بەنیازە رێککەوتنێک لەگەڵ ئەردەن و میسر و سویسرا واژۆبکات بەمەبەستی گێڕانەوەی بەشێک لەو پارەیەی براوەتە دەرەوەی وڵات و لەو وڵاتانە بلۆک کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد لعێبی وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، حکومەتی فیدڕاڵی بەنیازە رێککەوتنامەیەک لەگەڵ هەریەک لە ئەردەن و میسر و سویسرادا واژۆ بکات.
ئاماژەی بەوەشدا، رێککەوتنەکە بەمەبەستی گێڕانەوەی بەشێک لەو پارانەیە
کە لەماوەی دەسەڵاتدارێتی سەدام حسێن بەناوی کەسایەتییە هەواڵگرییەکانی ئەوکاتی
حکومەتەوە براونەتە دەرەوە و لە ئێستادا دەستیان بەسەرداگیراوە و بلۆک کراون.
ئەحمەد لعێبی وتیشی، لەرێگەی بەرزکردنەوەی سکاڵاوە لە نوسینگەکانی وەزارەتی
داد و سندوقی گێڕانەوەی سامانە براوەکان لە دەستەی دەستپاکییەوە هەوڵدەدرێت پارەکە
بگەڕێنرێتەوە و لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش خوازیاری چالاککردن و بەگەڕخستنی
ئەو رێککەوتنامانەن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هیچ ئامارێکی ورد و دروست لەبەردەستدانییە
لەبارەی بڕی تەواوی ئەو پارانەی براوەتە دەرەوەی وڵات. دەشڵێت، " قەبارەی پارە
براوەکان بۆ دەرەوەی وڵات نزیکەی ١٨٠ بۆ ٣٥٠ ملیار دۆلار دەبێت".
ئەمە لەکاتێکدایە، لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا، حکومەتی عێراق بە ئامادەبوونی
کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و ژمارەیەک لە وەزیرانی دادی ئەو وڵاتانە کۆنگرەیەکی لە
بارەی گێڕانەوەی پارە براوەکانی بۆ دەرەوەی وڵات و دەستبەسەراگرتنیان سازکرد و تیایدا
لەبارەی واژۆکردنی چەند گرێبەست و رێککەوتنامەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان
گفتوگۆکرا.
کـ ، ئـ