سەردێڕ:

بۆ یەکەم جار لە مێژوی وڵاتانی عەرەبیدا؛ ژنێک بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرا

PM:02:53:29/09/2021

5500 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی تونس بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتە و حکومڕانی وڵاتانی عەرەبیدا ژنێکی راسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لەو وڵاتەدا.


ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی کۆماری تونس راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، قیس سەعەیەد سەرۆکی ئەو وڵاتە، نەجلا بودن حەرەم رەمەزانی، وەک یەکەم ژن راسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەو وڵاتەدا.

بەمەش، ئەمە یەکەمجارە لە مێژوی حوکمڕانی تونس و وڵاتانی عەرەبی ژنێک رابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ.

لە وتەیەکیدا لە مەراسیمی راسپاردنی نەجلا بودن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، قیس سەعید رایگەیاند، راسپاردنی ئێوە بە پێکهێنانی حکومەت بەرزکردنەوەی شکۆی ژنی تونسە.

داواشی لێکرد، پەلەبکات لە پێکهێنانی حکومەت بە ئامانجی چارەسەرکردنی گرفتەکان و لەسەروو هەمویانەوە ئەو گرفتە ئابوری و داراییەی رووی لە تونس کردووە.

نەجلا بودن کێیە؟

نەجلا بودن رەمەزان ساڵی ١٩٥٨ لە ویلایەتی قەیرەوان لە تونس لە دایکبووە.

مامۆستای فێرکردنی باڵایە لە خوێندنگەی نیشتیمانی بۆ ئەندازیاران لە تونس.

بودن پسپۆڕی بواری زانستی جیۆلۆجییە و لە ئێستادا بەرپرسی جێبەجێکردنی پرۆگرامی بانکی نێودەوڵەتییە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

لە ساڵی ٢٠١١ەوە بە بەڕێوەبەری گشتی کوالێتی خوێندن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دامەزراوە.

پێشتر، بەرپرسی یەکەی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی وەزارەت و بەرپرسی دیوانی وەزارەتبووە لە ساڵی ٢٠١٥.

یەکێک لە تایبەتمەندێتییەکانی نەجلا بودن ئەوەیە تا ئێستا سەربە هیچ پارتێکی سیاسی تونس نییە و هاوشێوەی سەرۆکی وڵات سەر بە هیچ رەوت و پارتێکی سیاسی نییە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە رێککەوتی ٢٥ی تەمموزی ئەمساڵ، قیس سەعید سەرۆکی تونس حکومەتی ئەو وڵاتەی هەڵوەشاندەوە و کارەکانی پەرلەمانی راگرت، بە وتەی خۆی ئامانجی بووە وڵات رزگار بکات لەو گرفتانەی روبەڕویان بووەتەوە.

کـ. ئـ













گەلەری