سەردێڕ:

حکومەتی تاڵیبان بۆ ماوەیەکی کاتی کار بە دەستورێک دەکات

PM:07:31:28/09/2021

3576 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری داد لە حکومەتی تاڵیبان رایگەیاند، حکومەتەکەیان بۆ ماوەیەکی کاتی کار بە دەستوری سەردەمی پاشایەتی دەکات، دەشڵێت، "جگە لەو بڕگانەی لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامیدا یەکناگرنەوە".


مەلا عەبدولحەکیم شەرعی وەزیری دادی حکومەتی تاڵیبان لەچوارچێوەی دیدارێکیدا لەگەڵ وانگ یو باڵیۆزی چین لەو وڵاتە رایگەیاند، حکومەتی تاڵیبان بەشێوەیەکی کاتی کار بەدەستوری محەمەد زاهیر شای پادشای پێشووی ئەفغانستان دەکات جگە لەو بڕگە و بەندانەی لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامیدا دژە.

ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی تاڵیبان رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەڵگەنامەکانی دەگرێت، بەتایبەتی ئەوانەی دژی شەریعەتی ئیسلامی و بنەماکانی تاڵیبان نین.

مەلا عەبدولحەکیم شەرعی ئەوەشی خستەڕوو، بزوتنەوەی تاڵیبان دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ جیهاندا هەبێت و هەموو لایەکیش دڵنیادەکاتەوە کە رێگەنادات خاکەکەی بەکاربهێنرێت بۆ دژایەتیکردنی هیچ دەوڵەتێک.

لەلایەن خۆیەوە، وانگ یو باڵیۆزی چین لە ئەفغانستان ئاشکرایکرد، دۆخی ئەمنی لە ئەفغانستان باشتر بووە، لە بەرامبەردا هۆشداریدایە دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان پێویستە پابەندبن بە چارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکان و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر.

محەمەد زاهیر شا کۆتا پاشابوو جڵەوی فەرمانڕەوایی ئەفغانستانی گرتە دەست و ماوەی دەسەڵاتدارییەکەی ٣٩ ساڵی خایاند لە ١٩٣٣ەوە و دواجار لە ساڵی ١٩٧٣ بەهۆی کودەتایەکی سەربازییەوە کۆتایی بە دەسەڵاتدارێتییەکەی هێنرا و سیستمی کۆماری شوێنی گرتەوە.

كـ. ئـ













گەلەری