وەزیرى خوێندنى باڵای هەرێم زانکۆکانی ئاگادارکردنەوە کە دەبێت بەڕەچاوکردنى کوالێتى، زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى بڕەخسێنن، دەشڵێت، ئەمڕۆ لیژنەی باڵای وەرگرتن کۆبووەتەوە و لەبارەی چەند بابەتێکەوە گفتوگۆکراوە و بڕیاریان لەسەر دراوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەرپەرشتى ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى وەرگرتن بەڕێوەچووە، لە کۆبوونەوەکەدا پلان و بەرنامەکانى وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) گفتوگۆى لەبارەوە کراوە، هەروەک چەند بابەتێکى گرنگ و پەیوەست بە شێوازى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان خرایەڕوو و بەرنامەى پێویستیان لەبارەوە بۆ دانرا."
هاوکات، وەزیرى خوێندنى باڵا رایگەیاند، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە
دانانى میکانیزم و پلانى وەرگرتنە بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب
بێت بۆ سودى دەرچووان و پێداویستیەکانى بازاڕى کار.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ یەکەمجار لە مێژوى خوێندنى
باڵا لە هەرێمى کوردستان لە ماوەى دوو ساڵى رابردوودا توانیمان زۆرترین رێژەى
پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخانبکەین
و هەلى گونجاوى خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بۆ دەرچووان بڕەخسێنین."
ئارام محەمەد باسی لەوەشکردووە، بەڕەچاوکردنى کوالێتى، زۆرترین
دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى
کوردستان دەڕەخسێنن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا وتووشییەتی، گفتوگۆ لەبارەى شێواز
و بابەتەکانى تایبەت بە پلانى وەرگرتن بۆ ساڵى نوێى خوێندن کرا و بڕیارى پێویستیان
لەبارەوە درا.
دوێنێش، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، وشەی تێپەڕ و
نھێنی (پاسۆرد و یوزەرنەیم)ی بۆ سەرجەم دەرچوانی قۆناغی دوانزە ئامادەکردووە و ئاڕاستەی
وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکان کراوە تا بەسەر خوێندکاراندا
دابەشبکرێت.