سەردێڕ:

پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ ١٠٠ دۆلار دەکرێت

PM:05:02:27/09/2021

3628 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانیەکان بڵاویانکردەوە، وەبەرهێنەرانی بواری نەوت پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ ٩٠ بۆ ١٠٠ دۆلار دەکەن لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا.


ئاماژە بەوەشدەکەن، لەسەرەتای ٢٠٢٢دا خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و دەگەڕێتەوە ئاستی پێش بڵاوبووەنەوەی کۆرۆنا, ئەوەشیان خستوەتەڕوو، سستی ئابوری جیهان بەرەو بوژانەوە دەڕوات و لێکەوتەکانی پەتاکە کەمدەبێتەوە و جموجۆڵی بازرگانی زیاد دەکات و زیاتر سوتەمەنی بەکاردێت.

لەو بارەیەوە گریگ هیڵ سەرۆکی کۆمپانیای هێس کۆرپۆرەیش لە ئەمریکا رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان پێشبینی دەکات خواست لەسەر نەوت لە کۆتایی ئەمساڵدا یاخود سەرەتای ساڵی داهاتوودا رۆژانە ١٠٠ ملیۆن بەرمیل تێدەپەڕێنیت، باسی لەوەشکردەوە، لە ئێستادا خواستی رۆژانەی نەوت ٩٦ ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەپێی بازاڕی نەوتی جیھانی بە ٧٩ دۆلار و ٧ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەمەش بەراورد بەدوێنێ، نرخی یەک بەرمیل نەوت دۆلارێک و ٦١ سەنت بەرزبووەتەوە.

ئەمە لە کاتێدایە مانگی ئازاری ساڵی رابردوو، بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا و کەمبونەوەی بەرچاری خواست لەسەری، نرخی نەوتی برێنت بە کەمتر لە ٢٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك مامەڵەی پێوە دەکرا، دوای ئەوە وڵاتانی ئۆپێك پڵەس لە کۆبونەوەیەكدا بڕیاریاندا رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل کەمبکەنەوە.

هاوکات، ئۆپێك پڵەس بە ئامانجی بەرزکردنەوەی بەهای نەوت، وڵاتانی پیشەسازی نەوتی ناچارکرد، رۆژانە بەرهەمێنانی نەوت بۆ ٧% کە بە گشتی دەکاتە حەوت ملیۆن و ١٢٥ هەزار بەرمیل کەمبکەنەوە.

لەمانگی تەمموزی ئەمساڵدا ئۆپێك پڵەس رازیبوو رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیلی تر لە رۆژێكدا لەم مانگەدا بۆ ماوەی مانگێك بەرهەمبێت و پێنج ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکرێتەوە تاوەکو مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢.








گەلەری