سەردێڕ:

پەمپێک دەتوانێت لە ٣٠ خولەکدا ڤایرۆس لەناوبەرێت

PM:02:20:27/09/2021

12284 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی بەریتانی پەرەیان بە جۆرێک پەمپداوە کەلەرێگەی لوتەوە بەکاردەهێنرێت، هیچ زیانێکی بۆ مرۆڤ نییە و لەتوانایدایە لە ماوەی ٣٠ خولەکدا پەتاى کۆرۆنا لەناوبەرێت.


راکیش ئۆباڵ، پرۆفیسۆر و نوژداری دڵ و بەڕێوەبەری کۆمپانیای تاقیگەکانی روفائیل و سەرۆکی تیمی داهێنەری پەمپەکە رایگەیاند، ئەم داهێنانە تێپەڕاندنێکی گرنگە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هۆکارێکی کاریگەرمان لەبەردەستە بۆ روبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کە پێشتر بەردەست نەبوو.

داهێنەرانی پەمپەکە ئاماژەیان بەوەداوە، دەتوانرێت پەمپەکە لە ماوەی هەشت کاتژمێردا بەکاربهێنرێت لە رێگەی دووجار پەنجەنان بە پەمپەکەدا.

داهێنەران لەو باوەڕەدان، پەمپیpHOXWELL دەتوانێت رۆڵێکی بەرچاو بگێرێت لە پاراستنی بەساڵاچوان و ئەوانەی تەندروستییەکی لاوازییان هەیە، هەروەکچۆن دەتوانێت فەرمانبەران و کرێکارەکان هانبدات بەکاری بهێنن و بە ئاسودەیی بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

راکیش ئۆباڵ، پرۆفیسۆر و سەرۆکی تیمی داهێنەری پەمپەکە باسی لەوەشکرد، پەمپەکە رێگەنادات ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر پەردەی بەشی ناوەوەی لوت جێگیربێت، ئەمەش وادەکات مرۆڤ لە توشبوون بە پەتاکە بپارێزێت.

دەشڵێت، تاقیکردنەوەکە لەسەر ٦٠٠ کەس لە هیندستان ئەنجامدراوە و یەک لەسەر سێی بەکارهێنەرانی پەمپەکە کەمتر توشی پەتاکەبوون. وتیشی، تاقیکردنەوەکە ٤٥ رۆژی خایاندووە.

ئەنجێلا راسڵ پرۆفیسۆر لە بواری دەرمانسازی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد رایگەیاند، پەمپەکە دەتوانێت متمانە بۆ خەڵکی بگێرێتەوە لەوەی بتوانن لە شوێنە داخراوەکاندا و بێ ترس و دڵەڕاوکێ بەریەککەوتن رووبدات و بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، پەمپەکە دەتوانێت لەماوەی ٣٠ خولەکدا پەتاى کۆرۆنا بکوژێت و لە ماوەی پێنج خولەکیشدا ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا لەناوبەرێت.


کـ ، ئـ













گەلەری