سەردێڕ:

بەڕێوبەری کۆمپانیای ڤایزەر وادەى گەڕانەوەى بۆ ژیانی ئاسایی راگەیاند

AM:11:49:27/09/2021

17596 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڤایزەری ئەمەریکی پێشبینیدەکات لەماوەی یەک ساڵی دیکە ژیانی سروشتی بگەڕێتەوە دوای دوو ساڵ لە بڵاوبوونەوەی پەتاى کۆرۆنا.


ماڵپەڕی (سی ئێن بی سی) ئەمەریکی لە زاری ئەلبێرت بۆرلاوە بڵاوی کردەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ئێستاوە تا ساڵێکی دیکە ژیان دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.

دەشڵێت، بەڵام پێویستە خەڵکی ساڵانە یەک ژەم ڤاکسینی دژە کۆرۆنا وەربگرن.

ئەم پێشبینیەی بۆرلا هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی ستیڤان بانسیل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دەرمانی ئەمەریکی بۆ رۆژنامەی نوییە زویرچر تسایتۆنگی سویسری کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، "لەو باوەڕەدام لەمڕۆوە تا ماوەی ساڵێکی دیکە ژیان دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی".

ئەلبێرت بۆرلا ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ گەڕانەوەی ژیان بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، هۆشداریشیدا لەوەی پەتاى کۆرۆنا لە گۆڕان ناوەستێت و بەردەوام زنجیرەی نوێ بەرهەمدەهێنێت هاوشێوەی دەلتا و ئەلفا.

باسی لەوەشکرد، کۆمپانیاکەی لەچەند رۆژی داهاتوودا زانیاری و داتا پێشکەشی دەستەی دەرمان و خواردنی ئەمەریکی دەکات بەئامانجی پەسەندکردنی پێدانی ڤاکسین بە منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵ.

وتیشی، لەکاتی پەسەندکردنی پێشنیازەکەیان ئامادەن پێکهاتە نوێیەکەی ڤاکسینی ڤایزەر بەردەست بخەن.

ئەلبێرت بۆرلا ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی ئەم مانگە دوو ملیار ژەمە ڤاکسینییان بەرهەمهێناوە و تاکۆتایی ئەمساڵیش یەک ملیار ژەمی دیکە بەرهەم دەهێنن.

لەبارەی دابەشکردنی ڤاکسین بەسەر وڵاتە هەژارەکاندا، راشیگەیاند، حکومەتی ئەمەریکا یەک ملیار ژەمە ڤاکسین بەنرخی تێچوون لە کۆمپانیاکەیان دەکڕێت و بێ بەرامبەر بەسەر وڵاتە هەژارەکاندا دابەشی دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ کۆمپانیای ڤایزەر و بایۆنتێک، رایانگەیاند، ئەو ڤاکسینەی بۆ پەتاى کۆرۆنا پەرەیان پێداوە، ٪٩٠ کاریگەری هەیە و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسى کۆرۆنا دەکات و لە ئێستادا لەهەرێم یەکێکە لە ڤاکسینە بەردەستەکان.


کـ ، ئـ













گەلەری