سەردێڕ:

بومەلەرزەیەکی بەهێز ئەم دورگەیەی هەژاند

AM:10:52:27/09/2021

2304 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی چاودێریکردنی بومەلەرزە لە ئەوروپای ناوەند رایگەیاند، بومەلەرزەیەکی بەهێز بە پلەی ٦.٥ پلەی رێختەر دورگەی کریتی لە یۆنان هەژاند و لەناوچەکانی دەوروبەری هەستی پێکراوە.


بەگوێرەی ناوەندی چاودێریکردنی بومەلەرزە لە ئەوروپای ناوەند، بومەلەرزەکە بە قوڵی دوو کیلۆمەتر لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە روویداوە.

بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستبەجێ هەواڵی روودانی بومەلەرزەکەیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەداوە، بومەلەرزەیەکی بەهێز لە کەناراوەکانی دورگەی کریت لە دەریای سپی ناوەڕاستی داوە و هەستییان پێکردووە.

یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنوسێت، "هەستمان بە بومەلەرزەکەکرد، تا ئێستا هەموو شتێک باشە، تەنها ژمارەیەکی کەم لە چوارچێوەی چەند وێنەیەک شکان".

بیت گۆدوین، کە خۆی ئامادەکردبوو بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا لە تویتەری خۆی نووسی، "ئێستا هەستم بە روودانی بومەلەرزەیەکی بەهێزکرد لە دورگەی کریت".

بەکارهێنەرانی دیکەی تویتەر ئاماژەیان بەوەداوە کەلە ناوچە دوورەکانی وەک ئانالیبسی کە ١٩ کیلۆمەتر لە دوورگەکەوە دورە و لە ناوچەی سانتۆرینی کە ١٦٠ کیلۆمەتر لە دورگەکەوە دوورە هەست بە بومەلەرزەکە کراوە.

بومەلەرزە؛ رووداوێکی سروشتییە، بەهۆی جوڵانی پلێتەکانی ژێر زەوییەوە دروستدەبێت و لەسەر ئاستی جیهان چەند چرکەیەک جارێک بومەلەرزە روودەدات، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان ئەوەندە بەهێزن کە هەستیان پێبکرێت.


کـ ، ئـ








گەلەری