ئەنجومەنی راژەی عێراق دامەزراندنی سێ چین و توێژی راگەیاند، کە بریتین لە دەرچووە یەکەمەکان و ئەو کەسانەی بڕوانامەکانیان بەرزە، لەگەڵ ئەو کەسانەی پیشەی پزیشکییان هەیە.
مەحمود تەمیمی سەرۆکی راژەی خزمەتگوزاری عێراق لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، دامەزراندن تەنها لەلای ئەنجومەنی خزمەتگوزارییەوە دەبێت و هیچ جێگایەکی دیکە رێگاپێدراو نییە بە هەستان بە ئەنجامدانی ئەو بابەتە.
باسی لەوەشکردووە، ئەم دامەزراندنە سێ لایەن دەگرێتەوە،
کە بریتین لە خوێندکارە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان و ئەو کەسانەی بڕوانامەکانیان
بەرزە واتە ماستەر یان دکتۆرایان هێناوە، لەگەڵ ئەو کەسانەی یاسای ژمارە شەش دەیانگرێتەوە،
کە یاساکە بریتییە لە دامەزراندن بۆ ئەو کەسانەی پیشەی پزیشکی و تەندروستییان هەیە
و یاسای هەموارکراوی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٠ دەیانگرێتەوە، کە نمرەی پیشەییان حەوت هەزار
و ٥٠ بێت.
مەحمود تەمیمی دەشڵێت، بابەتی گرنگ لەلای ئەوان ئەوەیە کە
گرنگی بە ئەرکەکانی ئەو کەسانە بدرێت کە دادەمەزرێندرێن، چونکە وەک خۆی دەڵێت، ئەوە
گرفتی سەرەکی فەرمانگەکانە و گرنگیدان بە ئەرکە ئیدارییەکان و پەیکەری ئیداریان لە
فەرمانگەکاندا کەمە و رێژەی ٨٠٪ی فەرمانگەکان پەیکەری ئەرکەکانیان پێشکەش بە ئەنجومەنەکە
نەکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵانە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی
کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان خوێندن تەواودەکەن و بەشێکی زۆریشیان نە لەکەرتی
گشتی و نە لەکەرتی تایبەتدا دەرفەتی کارکردنیان بۆ ناڕەخسێت، ئەمەش نیگەرانی گەنجان
و چین و توێژە جیاوازەکانی بەدواداهاتووە.