ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سیاسەتی گۆڕینی نرخی دۆلار تایبەتکراوە بە بانکی ناوەندی و ئەنجومەنەکە نوسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ تاوتوێکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری ئەو دراوە.
حەمید غەزی ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سیاسەتی گۆڕینی نرخی دۆلار سیاسەتی نەختینەیە و پەیوەستە بە بانکی ناوەندییەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بانکی ناوەندی دامەزراوەیەکی سەربەخۆی حکومەتە و هەماهەنگە
لەگەڵ وەزارەتی داراییدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی دەرکردووە بە پێکهێنانی چەند
لیژنەیەك بە سەرۆکایەتی وەزارەتی پلاندانان و دەستنیشانکردنی چەند ئەندامێک لە وەزارەتی
دارایی و ئاوەدانکردنەوە و کارەبا، بە ئامانجی دەستنیشانکردنی لێکەوتەکانی گۆڕانکاری
لە نرخی دۆلاردا.
راشیگەیاندووە، هەر ئەو لیژنانە پێویستە کاریگەرییە ئابورییەکان و جوڵەی
بازاڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە دیاریبکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بە بڕیاڕێکی
حکومەتی عێراقی، بانکی ناوەندی نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی بۆ ١٤٥٠ دینار بەرزکردەوە
و جێگیری کرد.
حەمید غەزی دەشڵێت، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو تاوەکو ئێستا
تەواونەبووە و دیارینەکراوە قەرزی دەرەکی یاخود ناوخۆیی لەخۆدەگرێت.
باسی لەوەشکردووە، جێگیرکردنی پڕۆژەیاسای ساڵی داهاتوو کاریگەری زۆری لەسەر
دۆخی ئابوری وڵات و بەگەڕخستنی دەزگاکان دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند،
بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی لیژنەیەک پێکهێنراوە بەمەبەستی داڕشتنی رەشنوسی پرۆژەیاسای
بودجەی ٢٠٢٢ کۆبونەوەیەکیان ئەنجامداوە.