سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە هاوڵاتیان دەکات پەلە بکەن لە دەستخستنی کارتی دەنگدان تاوەکو بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا بکەن، دەشڵێت، "دەنگی ئێوە ئایندەی عێراقە."
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ئاڕاستەی گەلی عێراقی کردووە، نووسیویەتی، "داواتان لێ دەكەم پەلە بكەن لە دەستخستنی كارتی دەنگدان لەپێناو ئایندەی خۆتان و رۆڵەكانتان."
راشیگەیاندووە، "دەنگی ئێوە سپاردەیە و بە فیڕۆی مەدەن،
ئەوانەی هەوڵی چاكسازیی و گۆڕانكاریی دەدەن بەرەو باشتر، دەبێت بەشدارییەكی فراوان
لە هەڵبژاردندا بكەن."
کارتی دەنگدان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە
دەدرێت بەو کەسانەی کە مافەی دەنگدانیان هەیە و کارتەکە سیمکارتێکی ئەلیکترۆنی تێدایه
کە زنیارییە کەسییهكانی تێدا جێگیرکراوە و هیچ دەنگدرێک بەبێ بوونی ئەو کارتە مافی
دەنگدانی نابێت.
ئەم داوایەی مستەفا کازمی لە کاتێکدایە، ماوەی کەمتر لە
دوو هەفتە ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی
یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
هەرچەندە تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان لە ٢٠٢٢ کۆتایی دەهات،
بەڵام دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩ کە حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی
ناچار بە دەست لەکار کێشانەوە کرا، پارتە سیاسییەکان بڕیاریاندا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی
پێشوەختە.
پەرلەمانی عێراق لە ئایاری ٢٠٢٠ متمانەی بە حکومەتی نوێ
بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی دا بۆ بەڕێوبردنی قۆناغی راگوزەر تاوەکو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی
پێشوەخت.
بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان
کە لە ٣١ی تەمموزی رابردوودا بڵاوی کردبوویەوە، سێ هەزار و ٢٤٩ کاندید لە رێگەی ٢١
هاوپەیمانی و ١٠٩ پارتی سیاسیی لەگەڵ بێلانەکان کێبڕکێ دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی
٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
پێشتریش راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان،
عەبد حوسێن عەبد ھینداوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو، حکومەت پاداشت
دەدات بە ھەر دەنگدەرێک ئەگەر سەردانی ناوەندەکانی تۆماری دەنگدان سەر بە کۆمیسیۆنی
باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بکات، تا کارتی دەنگدانەکەی وەربگرێتەوە.