سەردێڕ:

سزای ئەو کەسانە دیاریکرا کە بەنیازن دووجار دەنگ بدەن

PM:02:40:26/09/2021

6148 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ھەرکەس بەناوی کەسێکی دیکەوە دەنگبدات یان لە رۆژی دەنگداندا دوو جار ناوی تۆمار بکرێت ئەوا بە بڕی ٢٠٠ بۆ ٩٠٠ دۆلار غرامە دەکرێت و بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانی دەکرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەیاساییەکان بەرامبەر سەرپێچیکاران، ھەرکەس بەناوی کەسێکی دیکەوە دەنگ بدات یان لە رۆژی دەنگداندا دوو جار ناوی تۆمار بکرێت ئەوا سزا دەدرێت و روبەڕوی یاسا دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کەسانە رەوانەی دادگا دەکرێن و بە بڕی ٢٠٠ بۆ ٩٠٠ دۆلار غرامە دەکرێن و بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانی دەکرێن.
پێشتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستبووەڕوو، کە سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لەوادەی خۆیدا تەواوکردووە و لیژنەی ئەمنیش تەواوی پێداویستییە لۆجستییەکانی ئامادەکردووە و سەرجەم رێوشوینە پێویستەکانی گرتووەتەبەر.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاگاداری سەرجەم ئەو دەنگدەرانە دەکات کە لەسنووری پارێزگای سلێمانیدان و تائێستا کارتی بایۆمتری دەنگدانیان وەرنەگرتووە، دەتوانن تا رێکەوتی ٣ی ١٠ی ٢٠٢١ کارتی دەنگدان وەربگرنەوە.
ھەر ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق رایگەیاند، "حکومەتی عێراق بڕە پارەیەک بۆ ھەر دەنگدەرێک تەرخان دەکات ئەگەر کارتە ئەلیکرۆنییەکەی دەنگدانی وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکەدا بکات".
بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق "پەرلەمان" بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان.

کـ ، ئـ












گەلەری