سەردێڕ:

دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و راوێژکاری ئەڵمانیا دەستی پێکرد

AM:11:31:26/09/2021

2364 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا بنکەکانی دەنگدان بەڕووی زیاتر لە ٦٠ ملیۆن دەنگدەر بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان و راوێژکاری داھاتووی ئەو وڵاتە کرانەوە.


ئەگەرچی لە ئێستادا، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دیارنییە، بەڵام ھەریەک لە پارتی سۆشیاڵدیموکرات و پارێزکارەکان بۆ بەدەستھێنانی جێگرەوەی ئەنجێلا مێرکڵ لە رکابەرییەکی توندان.
بەگوێرەی نوێترین راپرسیش پارتی سۆشیاڵدیموکراتی ئەڵمانی بەسەرۆکایەتی ئۆلاف شۆڵتز، کە لە ئێستادا وەزیری داراییە، بەڕێژەی ٢٥٪  دەنگەکانی بۆ خۆی مسۆگەرکردووە، لەکاتێکدا، ئەرمین لاشیت سەرۆکی رەوتی پارێزکارانی ئەڵمانیا بەرێژەی لە ٢٢ – ٢٣٪ دەنگەکانی مسۆگەرکردووە و بەمەش شۆڵتز بە جیاوازییەکی کەمەوە لە پێش لاشیتەوەیە.
بەھۆی ئەم جیاوازییەکەمەی لەنێوان رکابەرەکاندا ھەیە، ھەڵبژاردنی راوێژکاری داھاتوو و پێکھێنانی حکومەت لە ئەڵمانیا ئاسان نابێت و پێشبینیشناکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامە بەراییەکان رابگەیەنرێن.
بەگوێرەی پێشبینیەکان، لەچەند مانگی داھاتوودا بە ئامانجی پێکھێنانی حکومەتی نوێ دانوستان و گفتوگۆکان  لە نێو لایەنەکاندا دەست پێدەکات.
لە کۆتا کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنگرانی پارتەکەی، ئەنجێلا مێرکڵی تەمەن ٦٧ ساڵ و راوێژکاری ئێستای ئەڵمانیا، داوای لەدەنگدەرانی وڵاتەکەی کرد لە پێناو داھاتووی وڵاتدا، دەنگەکانیان بە ئەرمین لاشیت بدەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنجێلا مێرکڵ ماوەی ١٦ ساڵە راوێژکاری ئەڵمانیایە و بەھۆی بەھێزی و ئەو دەستکەوتانەی بەدەستی ھێناوە بۆ وڵاتەکەی نازناوی "خانمی پۆڵاینی" بەدەستھێناوە.

کـ ، ئـ












گەلەری