سەردێڕ:

بێکاری بەرزترین ئاستی لە عێراق تۆمارکرد

PM:08:56:25/09/2021

4536 جار خوێندراوەتەوە

بانکی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرایکردووە، رێژەی بێکاری لە عێراق بەراورد بە سی ساڵی رابردوو بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە، دەشڵێت، "گەنجان ئەو توێژەن زۆرترین زیانیان لەم دۆخەدا بەرکەوتووە، لە کاتێکدا عێراق دەوڵەمەندە بە نەوت و دەستی کار."


بانکی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئاستی بێکاری لە عێراقدا بە رێژەی ١٣.٧٪ بەرزبووەتەوە و بەمەش لە ساڵی ١٩٩١ەوە ئەمە بەرزترین ئاستە تۆمارکرابێت، دەشڵێت، ئەمە ئاگادارکردنەوەیەکە بەرامبەر دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩ و توڕەبوونی جەماوەری توندی لێبکەوێتەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی حوڕەی ئەمریکی عەبدولزەهرە هەنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ئاستی بێکاری بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، پەتای کۆرۆنا و ئەو تەنگژە ئابورییانەی بەدوای خۆیدا هێناویەتی لە کەمبوونەوەی داهات و لاوازبونی جموجوڵی بازرگانی هۆکاربوون بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و هەژاری لە وڵاتدا.

ئەوەشی خستەڕوو، رێژەی هەژاری لە عێراقدا لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە ٣١.٧٪، بەڵام ئەمساڵ گۆڕانێکی بەسەردا هاتووە و دابەزیوە بۆ ٣٠٪.

بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی حکومەتی عێراق کە ساڵی رابردوو ئامادەیکردووە، لە پارێزگای ئەنبار رێژەی بێکاری ٣٢.٤٪ بووە و لە کەرکوکیش کە دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی نەوت و گاز رێژەی بێکاری ٦.٣٪ بەمەش کەمترین ئاستی بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە تۆمارکردووە.

هەر بەگوێرەی ئامارەکەی حکومەتی عێراق، ناوچە گوندنشینەکان بە رێژەی ١٤٪ و ناوچە شارنشینەکان بە رێژەی ١٣.٢٪ رێژەی بێکارییان تۆمارکردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتی توێژی گەنجان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە ئەنجامی ئەو پاشەکشەیەیەی لە ئابوری عێراقدا روویداوە و ئاستی بێکاری لە نێویاندا بەشێوەیەکی بەرچاو و بەڕێژەی ٣٦٪ بەرزبووەتەوە و ئەمەش تەنانەت کاریگەری لەسەر دۆخی ئاسایشی عێراق داناوە.

بانکی نێودەوڵەتی جەختی لەوەکردووەتەوە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رێژەی گەنجان تیایدا بەرزە و لە ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی گەنجانی نزیکەی ٣٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار گەنج دەبن و بەمەش نزیکەی نیوەی دانیشتوانی عێراق گەنجن کە تەمەنییان لە خوار ١٩ ساڵییەوە و یەک لەسەر سێشیان تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٩ ساڵیدایە.

باسم جەمیل شارەزا لە بواری ئابوریدا بە مەڵپەڕی حوڕەی ئەمریکی راگەیاندووە، ساڵانە ١٦٠ هەزار بۆ ١٧٠ هەزار گەنج لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا دەردەچن و هیچ هەلی کاریشیان دەستناکەوێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠٠٣ و دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەدام حسێن کێشە سیاسی و ئابوری و بازرگانی و دارایی و کۆمەڵایەتی و بێکاری خزمەتگوزارییەکانی عێراق روویان لە هەڵکشان کردووە و لەبەرامبەریشدا حکومەت و کابینە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق هەنگاوی بەرچاو و جدییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەگرتووەتەبەر، لەکاتێکدا عێراق دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی نەوت و گازی سروشتی و سامانی مرۆیی و دەستی کار.

کـ. ئـ













گەلەری