سەردێڕ:

هێزی کڕین لە موچەی فەرمانبەران چەند دابەزیوە؟

PM:03:43:25/09/2021

8380 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی ئابوری عێراق پێشبینیدەکات بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا لە کۆتایی ئەمساڵدا ٩٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێبپەڕێنێت. دەشڵێت، "موچەی فەرمانبەران بە رێژەی ٣٣٪ هێزی کڕینی لە دەستداوە".


ئەمڕۆ شەممە، زیا کینانی شارەزای ئابوری لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئار تی رایگەیاند، کەمبوونەوەی ئاستی نەوتی یەدەکی هەڵگیراوی ئەمریکی بۆ نزیکەی ١٧٥ ملیۆن بەرمیل دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ نزیکەی ٨٠ دۆلار، هەروەکچۆن یەدەگی هەڵگیراوی نەوتی خاوی ئەوروپی بۆ ٣٠٠ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. دەشڵێت، دوای کۆنتڕۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆکاری دیکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

بەگوێرەى شارەزا ئابورییەکە، بەهۆی ئەوەی کواڵێتی نەوتی عێراق بەرزە، خواستێکی زۆری جیهانی لەسەرە و بۆ هەریەک لە هیندستان و چین هەناردە دەکرێت.

زیا کینانی وتیشی، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق زیاد دەکات، بەڵام گرتنەبەری سیاسەتی هەڵەی بانک وادەکات سود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نەکرێت.

لەبارەی داهاتە نەوتییەکانی عێراق وخستنە بازاڕی پارەوە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە، ئەو شارەزایەی بواری ئابوری ئەوەشی خستەڕوو، مانگانە داهاتی نەوت لە عێراقدا لەنێوان شەش بۆ حەوت ملیار دۆلارە، بەڵام بانکی ناوەندی لەم بڕە زیاتر دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بەمەش کورتهێنان لە پارەی یەدەکی بانکەکە مانگانە دەگاتە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.

لەبارەی پێشبینییەکانی زیا کینانی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ ٩٠ دۆلار بەرزبێتەوە، هەر بۆیە پێویستە لەسەر حکومەت نرخی دۆلار بباتەوە نرخی پێشووی خۆی و لە بودجەی ٢٠٢٢دا جێگیری بکات.

ئەو شارەزایەی بواری ئابوریش دەڵێت، لە یاسای بودجەی ٢٠٢١دا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٤٠ دۆلار خەمڵێنراوە، بەڵام لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوت ٧٠ دۆلاری تێپەڕاندووە.

ئاشکراشی کرد، سیستمی ئابوری جیهانی متمانەی بە ئابوری عێراق نییە، بەمەش موچەی فەرمانبەران بە رێژەی ٣٣٪ هێزی کڕینی لەدەستداوە.


کـ ، ئـ













گەلەری