سەردێڕ:

ئۆپۆزسیۆنی ئەفغانستان لە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتن لە تاراوگە

PM:03:03:25/09/2021

3860 جار خوێندراوەتەوە

گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، سەرکردە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆنی تاڵیبان لە تاراوگە لە هەوڵی رێکخستنی ریزەکانیان و پێکهێنانی حکومەتی تاراوگەن.


لەلایەن خۆیانەوە، هەریەک لە ئەحمەد مەسعود و ئەمروڵا ساڵح جێگری پێشووی سەرۆکی ئەفغانستان، دوای بەجێهێشتنی دۆڵی پێنجشێر جەختییان کردەوە لەسەر روبەڕووبوونەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان.

بەرپرسێکی ئەمنی پێشووی ئەفغانستان ریگەیاند، ئۆپۆزسیۆنی تاڵیبان لە سێ کۆمەڵە پێکهاتوون ئەوانیش لایەنگرانی ئەمروڵا ساڵح و بەرەی بەرگری نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد مەسعود و ئەفسەرانی پێشووی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانین، سەرەڕای بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و چەند وەزیر و ئەندام پەرلەمانێکی پێشوو.

ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئاماژەی بەوەشدا، کۆبوونەوەکان لەنێوان لایەنەکان بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتی تاراوگە لە قۆناغی سەرەتاییدایە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێکهێنانی حکومەت لە تاراوگە مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە ئەفغانستانی لێدەکەوێتەوە و دواتر گۆڕەپانەکە بگۆڕدرێت بۆ هەرێمی یەکلایی کردنەوەی ململانێی وڵاتانی دەرەکی.

بەرپرسە ئەمنییەکەی پێشوو باسی لەوەشکردووە، ترسی هەیە ئەفغانستان ببێتە لیبیای دووەم. چونکە هەرلەکاتی دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و بزوتنەوەی تاڵیبان، دەوڵەتی قەتەر پشتیوانی لە تاڵیبان کردووە و بنکەی سەرەکی بزوتنەوەکە بووە، لە ئێستاشدا ئیمارات ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستانی داڵدەداوە کە لە دەست بزوتنەوەی تاڵێبان هەڵهات بۆ ئەو وڵاتە.

لەلایەن خۆیانەوە راوێژکارانی ئۆپۆزسیۆنی تاڵیبان پێشنیازییانکردووە، هاوشێوەی بزوتنەوەکە بەدوای پەناگەیەکدا بگەڕێن تا لە رووی چەک و پارەوە پشتیوانییان بکات. لەساڵی ٢٠٠١ بزوتنەوەی تاڵیبان وڵاتی پاکستانی کردە شوێنی داڵدەدانی خۆیان و لەلایەن دەزگا هەواڵگری پاکستانەوە بە چەک و پارە پشتیوانییان لێدەکرا.

ویدا میهران، مامۆستای ئاماری ناکۆکی و ململانێیەکان لە زانکۆی ئیکستەر لە بەریتانیا لەو باوەڕەدایە، ئۆپۆزسیۆنی تاڵیبان بەشێوەیەکی خێرا پێکهێنراوە و پێناچێت ئەجێندا و دیدگایەکی روونی هەبێت.

دەشڵێت، لەناوخۆی بزوتنەوەی تاڵیبانیش ناکۆکی دابەشبوون هەیە.

لەلایەن خۆشییەوە، تەمیم ئاسی سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەکان بۆ جەنگ و ئاشتی رایگەیاند، بزوتنەوەی تاڵیبان بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت بەرەو جەنگی ناوخۆیی هەنگاودەنێت، رووبەڕووی مانگرتنێکی گەورە دەبێتەوە دوای ئەوەی بڕیاریداوە ژنان بۆیان نییە بخوێنن و دابمەزرێن تا کاربکەن و میوزیکی قەدەغەکرد و ئازادی رۆژنامەوانی تەواو بەرتەسک کردووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا پەیوەندی بە گروپی چەکداری قاعیدەوە ماوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٥ی مانگی ئابی ئەمساڵ، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەو وڵاتە، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەفغانستان، وڵاتی بەرەو تاجیکاستان بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە."


کـ ، ئـ













گەلەری