هەریەک لە نوسینگەى مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق و لیژنەى فەتوا لە کۆبەندى فیقهى عێراقى لە دوو راگەیەندراوى جیاوازدا کڕین و فڕۆشتنى کارتى دەنگدانیان حەرام کرد.
ئەمڕۆ شەممە، رۆژنامەى سەباحى فەرمى بڵاوى کردەوە، نوسینگەى عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق فەتوایەکى لەبارەى دەنگدان بڵاوکردەوە و تیایدا کڕین و فڕۆشتنى کارتى دەنگدانى حەرام کرد.
فەتواکەى نوسینگەى سیستانى دواى ئەوە هات کە ژمارەیەک لە هاوڵاتى
لەبارەى کڕین و فڕۆشتنى کارتى دەنگدان و پێدانى پارە و دیارى لەلایەن کاندیدەکان
بە هاوڵاتیان بەرامبەر بە دەنگدان پێیان پرسیاریان کردبوو و مەرجەعیەتیش لەوەڵامدا
هەردوو حاڵەتەکەى بە کارێکى دوور لە شەرع و حەرام ناوبرد.
هاوکات بەگوێرەى رۆژنامەکە لیژنەى فەتوا لە کۆبەندى فیقهى عێراقى کڕین
و فڕۆشتنى کارتى دەنگدانى حەرام کرد و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد "کڕین
و فڕۆشتنى کارتى دەنگدان حەرامە و ناکرێت بەهیچ جۆرێک مامەڵەى پێوە بکرێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش رونکراوەتەوە "ئەو جۆرە کارانە دەرگاى
بەرتیلدان و گزى و ساختەکارى دەکاتەوە و گەندەڵکاران بەهێز دەکات".
بڕیارە لە ١٠ى تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەبچێت و لەناوخۆ
و دەرەوە پشتیوانییەکى زۆر بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە لە وادەى خۆیدا هەیە.