سەردێڕ:

تاڵیبان: سزاکانی دەستبڕین و لە سێدارەدان جێبەجێ دەکەینەوە

PM:06:58:24/09/2021

26240 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردەیەکی باڵای بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، جارێکی دیکە سزاکانی دەستبڕین و لەسێدارەدان جێبەجێدەکەنەوە


لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، مەلا نورەدین تورەبی سەرکردەی باڵای تاڵیبان ئاماژەی بەوەکردووە، "لە دوای ساڵی ١٩٩٠ەوە، جارێکی دیکە بزوتنەوەی تاڵیبان دەستدەکاتەوە بە جێبەجێکردنی سزاکانی دەستبڕین و لەسێدارەدان."

ئەو سەرکردە باڵایەی بزوتنەوەی تاڵیبان کە یەکێکیشە لە دامەزرێنەرەکانی بزوتنەوەکە دەشڵێت، "هیچ کەسێک ئەو مافەی نییە کە بە ئێمە بڵێت ئەوە یاسایە پەیڕەو بکەن، ئێمە شوێن یاساکانی ئیسلام دەکەوین."

باسی لەوەشکردووە، "هەموو کەس رەخنەی لە ئێمە دەگرت لەسەر ئەو سزایانەی کە لەبەردەم خەڵکیدا جێبەجێمان دەکرد، بەڵام ئێمە هیچ رەخنەیەکمان لە سزاکانیان و یاساکانیان نەگرت."

رۆژی ١٥ی مانگی ئابی ئەمساڵ، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەو وڵاتە، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەفغانستان، وڵاتی بەرەو تاجیکاستان بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە."













گەلەری