سەردێڕ:

پاش قەیرانى ژێردەریاییەکان؛ سەرۆکى فەڕەنسا و ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیانکرد

PM:11:55:22/09/2021

2876 جار خوێندراوەتەوە

پاش چەند رۆژێک لە قەیرانى دیبلۆماسى نێوانیان، سەرۆکى فەرەنسا و ئەمریکا پەیوەندییەکى تەلەفۆنییان ئەنجامدا و پاریسیش بڕیاریدا باڵیۆزى خۆى بگەڕێنێتەوە بۆ واشنتن.


بەپێی راگەیەنراوێکى هاوبەشى ئەمریکا و فەڕەنسا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەى گفتوگۆی کراوەى نێوان هاوپەیمانان دەکرا رێگری بکردایە لە قەیرانى ژێردەریاییەکان.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەردوو سەرۆک کە بڕیارە لە کۆتایی مانگى داهاتوودا لە ئەوروپا کۆببنەوە، بڕیاری ئەوەیان داوە دەستبکەن بە گفتوگۆیەکى قوڵ بە ئامانجى دروستکردنى دۆخێکى متمانە پێکراو.

پیشتر، کۆشکى سەرۆکایەتى فەڕەنسا ئاماژەى بەوەکردبوو، کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەسەر داواى سەرۆکى ئەمریکا بووە و تێدا ماکرۆن چاوەڕوان دەکات واشنتن روونکردنەوەی بداتێ لەسەر بڕیارى دوورخستنەوەى فەڕەنسا وەک هاوپەیمانێکى ئەوروپى لە هاوپەیمانێتى ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا لە هەردوو ناوچەى زەریاى هێمن و زەریاى هندى.

پاش رێککەوتنى ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا لە چوارچێوەى هاوپەیمانییەک لە هەردوو ناوچەى زەریاى هێمن و زەریاى هندى، ئوسترالیا گرێبەستێکى کڕینى ژماریەک ژێردەریایی لەگەڵ فەرەنسا بە بەهاى نزیکەى ٤٠ ملیار دۆلار هەڵوەشاندەوە و بەوەش فەرەنسا ئەو هەنگاوەى ئوسترالیا و ئەمریکاى "بە ناپاکی" ناوبرد و رۆژى هەینیش بڕیاریدا باڵیۆزانى خۆى لەو دوو وڵاتە بکشێنێتەوە.













گەلەری