سەردێڕ:

لە کۆمسیۆنەوە؛ بڕیارێکی نوێ لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە

PM:03:46:22/09/2021

16628 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق بڕیارێکی نوێی لەبارەی ماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانەوە دەرکرد و رایگەیاند ٪٧٠ی هاوڵاتیان کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.


جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، بە بڕیارێکی نوێی ئەنجومەنی کۆمیسیاران، رێگە بە کاندیدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو دەدرێت، تا کاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی نۆی مانگی تشرینی یەکەمی داھاتوو، بانگەشەی خۆیان بۆ ھەڵبژاردنەکان بکەن.

جومانە غەلای راشیگەیاندووە، بڕیارەکە پشت بەستن بە ماددەی ٢٢ لە یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە نۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دەرکراوە، کە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان، بەپێی یاساکە مافێکی رەوای کاندیدانە کە لە بەرواری پەسەندکردنیان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەستپێدەکات و لە ٢٤ کاتژمێر بەرلە دەست پێکردنی دەنگدان، کۆتایی دێت.

کۆمسیۆن باس لەوەشدەکات، تاوەکو ئێستا ١٧ ملیۆن کەس لە عێراقدا کارتی دەنگدانیان تازەکردووەتەوە، کە دەکاتە ٪٧٠ی رێژەی دەنگدەران.

بڕیارە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەبچێت و پەرلەمانیش لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا رایگەیاندبوو، کە سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردن خۆی هەڵدەوەشێنیتەوە.













گەلەری