سەردێڕ:

عێراق یەکەم مانگی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات

PM:12:06:22/09/2021

62404 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گەیاندنی عێراق رایگەیاند کە رەزامەندی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی یەکەم مانگی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات.


وتەبێژی وەزارەتی گەیاندنی عێراق، رەعد مەشھەدانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە کە ئەمڕۆ وەزیری گەیاندن، ئەرکان شەھاب شەیبانی لە دووەمین کۆنگرەی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی عێراق، رایگەیاندووە کە بەم زووانە یەکەم مانگی دەستکرد، رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکەن.

 ئەمە یەکەمجار نییە عێراق باس لە ناردنی مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان دەکات و لەماوەی رابردووشدا و لە ساڵی ٢٠١٣ رایگەیاندبوو، کە مانگی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات بە مەبەستی چاودێریکردنی هەردوو دیاردەی بە بیابانبوون و کەمبوونی ئاو، کە لەو کاتەدا لەگەڵ زانکۆی لاسفینزای ئیتاڵیدا رێککەوتبوو.

مانگی دەستکرد یان سەتەلایت؛ ئامێرێکی دەستکردی مرۆڤە کە دەچێتە بۆشاییەوە و لەوێوە دەست دەکات بە سوڕان بە دەوری زەویدا. یەکەم مانگی دەستکردی مرۆڤ ناوی سپوتنیک-١ بوو کە لە لایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە نێردرا بۆ بۆشایی، هاوکات، سەتەلایتەکان دوو جۆرن کە بریتین لە: سەتەلایتی جێگیر و سەتەلایتی جوڵاو.

بەدەر بۆ پەخشی کەناڵە ئاسمانییەکان کە پێی ناسراوە، بۆ چاودێری کەش و هەوا و زەوی و ژینگە و چەندن بابەتی دیکە بەکاردەهێندرێت.














گەلەری