AM:09:00:22/09/2021
4992 جار خوێندراوەتەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی کوردستان جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە و تیایدا باسی هەڵبژاردنەکانی عێراق یەکێک لە بابەتەکانی گفتوگۆی نێوانیان بوو. سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردوەتەوە لەسەر پشتیوانیکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن.
دوێنێ سێشەممە، بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق بە سەردانێک گەیشتە ئەمریکا و لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی وڵاتەکە کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کراوە، کە پشتیوانی رێکخستنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە ساختەکاری.
لە راگەیاندراوێکدا نوسینگەی سەرۆککۆماری عێراق
بڵاویکردووەتەوە هاتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان
عێراق و ئەمریکا و رێکارەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکاندا لەچوارچێوەی
دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پشتیوانی لە
رێکخستنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەری دوور لە ساختەکاری، ھەروەھا
جەختکرایەوە لەگرنگی ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا؛ وەک
لە راگەیاندراوی نوسینگەی سەرۆککۆماردا هاتووە، ئەمریکا پشتیوانی عێراق دەبێت لە
سەرجەم ئەو بابەتانەدا.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەرھەم ساڵح دووپاتیکردووەتەوە، عێراق
بە گرنگییەوە دەروانێتە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا،
بەتایبەتی لە رووی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و ژینگەیی و فەرهەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی
هاوبەش و لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات و کاردەکات بەئاڕاستەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە
ھاوسەنگەکانی بۆ پشتیوانیکردن لەچارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان
و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان، ھاوکات باسی لە رۆڵی گرنگی عێراق کرد بۆ ھێنانەئاراوەی
ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھەروەھا بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوھەوا
و پاراستنی ژینگە.
دوێنێ سێشەممە، بە سەردانێک گەیشتە ئەمریکا و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی
نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ جۆ بایدنیش کۆبووەوە.