سەردێڕ:

وێنە.. لە هەولێر چەند شوێنەوارێکی دێرین دۆزرانەوە

PM:03:57:21/09/2021

10028 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی کنە و پشکنینی گردێکی شوێنەواری لە هەولێر پاشماوەیەکی گەورەی بیناسازیی کە لە خانوویەکی ئاسایی گەورەترە و لە پاشماوەی بیناسازیی بازرگانی دەچێت دۆزرایەوە لەگەڵ ژمارەیەک کەرەستە و پارچەی ئاسەواریی.


بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەو شوێنەوارانە؛ سێ ئێسکەپەیکەر دۆزراوەتەوە کە یەکێکیان ئێسکەپەیکەری ژنێکە کە لەگەڵیدا مۆرێک لە گۆڕەکەیدا بووە کە بۆ رێکخستنی کاری بازرگانی بەکارهاتووە.

پرۆسەی گەڕانەکە بە هاوبەشى لەگەڵ زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و بەشی شوێنەواری زانکۆی سەڵاحەدین لەماوەی شەش ساڵدا، بە شەش وەرزی جیاواز ئەنجامدرابوو.

نادر بابەکر بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "گردی شوێنەواری لەشکر کەوتووەتە شارۆچکەی کەسنەزان سەر بە قەزای دەشتی هەولێر، کۆنترین سەردەم کە لەم گردە شوێنەوارییە تۆمارکرابێت، سەردەمی وەرکایە کە دەگەرێتەوە بۆ چوار هەزار و ٣٠٠ ساڵ پێش زایین".

وتیشی، "بەشێکی زۆری ئەم گردە بەر شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر دەکەوێت بۆیە دەبێت بەزووترین کات دەست بکەین بە هەڵکۆڵینین شوێنەواری بۆ ئەو بەشەی گردەکە کە ماوە هێشتا هەڵکۆڵینی بۆ نەکراوە بەتایبەت لە تەبەقەی خوارەوە کە لێکۆڵینەوەی تەواوی لەسەر کراوە و پێمانوایە هیچ کێشە نابێت ئەگەر دەست بە هەڵکۆڵینی فریاگوزاری لەو شوێنەدا بکەین".

پرۆفیسۆر میگێڵ مۆلیستی سەرۆکی تیمی شوێنەواری زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانیش رایگەیاند، "ئەنجامی ئیشکردنی وەرزی ئەمساڵمان کە ئێستا دەیناسێنین بریتیی بوو لە ئیشکردن لە سەردەمی چاخی برۆنزی کە بەسەردەمی نەینەوا پێنج ناسێندراوە کە لەڕووی ماوەی مێژووییەوە زۆر دوور و درێژ نییە، بەڵام لەڕووی گرنگیی سەردەمەکەوە کە سەرەتای سەرهەڵدانی شارەکان بووە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لەو شارانەی کە لە سنوری هەولێر هەبوون".

گردی لەشکر دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی کەسنەزان، بەرزی گردەکە ١١ مەترە، کۆنترین سەردەمی گردەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی وەرکا کە نزیکەی چوار هەزار و ٣٠٠ ساڵ پێش زایین دەکات تاوەکو هەزارەی یەکەمی پێش زایین.













گەلەری