سەردێڕ:

هندستان دەستی بەسەر سێ تۆن ماددەی هیرۆیندا گرت کە لە ئەفغانستانەوە بەقاچاخ برابوو

PM:03:29:21/09/2021

3200 جار خوێندراوەتەوە

چاوگە فەرمییەکانی حکومەتی هندستان بڵاویانکردەوە، حکومەتی نیو دلهی دەستی بەسەر سێ تۆن ماددەی هیرۆیندا گرتووە لە رۆژئاوای هندستان کە لە ئەفغانستانەوە بە قاچاخ لەرێگای بەندەرێکەوە براوەتە ئەو وڵاتەوە.


ئەو بڕە ماددەی هیرۆیینە، لە نێو دوو کۆنتەینەردا بووە و لەلایەن تیمی ئاژانسی حکومەتی هندستان بۆ روبەڕوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و چەکی نایاسایی (دی ئاڕ ئای) لە بەندەری مۆندرای ویلایەتی "گوجارات"ی هندستان دەستی بەسەردا گیراوە، هاوکات دوو کەسی بەرەچەڵەک هندیش لەسەر ئەو پرسە دەستگیرکراون.

ئەو سێ تۆن ماددەی هیرۆیینە، دوو تۆنیان لەنێو بارهەڵگرێک و تۆنێکی دیکەشییان لەنێو بارهەڵگرێکی دیکەدا بوون و لەرێگای بەندەرێكی ئێرانییەوە لە ئەفغانستانەوە هێنرابوونە نێو خاکی هندستانەوە.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی حکومەتی هندستان، بەهای ئەو سێ تۆن ماددەی هیرۆیینە، بە ٢٠٠ ملیار روبییەی هندی دەخەمڵێندرێت کە دەکاتە (٢.٧ ملیار دۆلاری ئەمریکی)، ئاژانسی حکومەتی هندستان بۆ روبەڕوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و چەکی نایاسایی (دی ئاڕ ئای) ئەوەشی ئاشکراکردووە، ژمارەیەک کەسی بە رەچەڵەک هندی لە هاوردەکردنی ئەو ماددەی هیرۆیینەدا تێوەگلاون، بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێکییان دەستگیرنەکراون.

ئەفغانستان بە گەورەترین بازاڕی بەرهەمهێنی ماددەی هیرۆیین لەسەرانسەری جیهاندا دادەنرێت، کە ٪٨٠ بۆ ٩٠ی هیرۆینی جیهانی دابین دەکات، لەماوەی ئەم ساڵانەی رابردووشدا، رێژەی بەرهەمهێنانی هیرۆین لە ئەفغانستان بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.













گەلەری