سبەی چوارشەممە یەکەم رۆژی پاییزە و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیش دەڵێت، " مەرج نییە یەکەم رۆژی وەرزی پاییز کەشوھەوا گۆڕانکاری بەسەردا بێت".
سبەی چوارشەممە ٢٢ی ئەیلوول یەکەم رۆژی پاییز دەبێت لە نیوە گۆی باکووری زەوی، ئەژی چەتۆ وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمیش رایگەیاند، "سبەی چوارشەممە لەلای ئێمە یەکەم رۆژی وەرزی پاییز دەبێت و لە بەشی باشووری نیوە گۆی زەوی، وەرزی بەھار دەست پێ دەکات".
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی ھەرێم، دەربارەی گۆڕانی وەرز ئەوەی خستەڕوو، "وەرزی پایز لە رووی فەلەکییەوە دەکەوێتە چوارچێوەی دیاردەیەک کە پێی دەڵێن ھەڵگەڕانەوەی پایزە کە سبەی چوارشەممە ٢٢ی ئەیلول دەکات، لەم رۆژەدا زەوی دەگاتە نێوەندی دووری لەگەڵ خۆر، نزیکەی ١٥٠ ملیۆن کیلۆمەتر دەبێت، لەسەر ئاستی نیوەگۆی باکووری زەوی، کاتژمێرەکانی شەو و رۆژ تاڕادەیەک یەکسان دەبێت، بەڵام زانایان دەڵێن ماوەی رۆژ کەمێک درێژترە، بەڵام زۆر ھەستی پێ ناکرێت، بەگشتی پلەکانی گەرما دادەبەزن و ھەستی پێدەکرێت و سەیر دەکەین لە دوای کۆتایی ئەیلوول ھەوری بەرز پەیدا دەبێت".
لەبارەی گۆڕانکاریی ئاو و ھەواشەوە، ئەژی چەتۆ حەسەن وتی، "مەرج نییە یەکەم رۆژی وەرزی پایز کەشوھەوا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بەڵام لە رووی فەلەکییەوە نێوەندی دووری زەوی لەگەڵ خۆر دەبێتە مامناوەند، چونکە لە وەرزی بەھاریش خاڵی مامناوەند ھەیە، زەوی نە دوورە و نە نزیکە لە خۆر، بەڵام رۆژەکانی دیکە وردە وردە پلەکانی گەرما دادەبەزێت بەھۆی کشانی خۆرەوە بەپێی خولگەی زەوی و لاریی گۆشەی خولانەوەی زەویی بە ٢٣ پلە وا دەکات وردە وردە تیشکی خۆر بکشێت و بچێتە سەر ھێلی کەمەریی زەوی، بەڵام ھێشتا بەرەو ناوچەکانی خوارەوەی زەوی دەڕوات و ئەمە وا دەکات لە ٢٠ی کانوونی یەکەم وەرگەڕانی زستانە دەست پێ بکات".
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی دەربارەی گۆڕانی کەشوھەواش وتی "ئەگەر لەلای ئێمە پاییز بێت ئەوا لە نیوە گۆی باشووری زەوی سەرەتای وەرزی بەھارە، ئەگەر لەوێ بەھار دەست پێ بکات، ئەوا لەنیوەگۆی باشوور سەرەتای پاییزە دەبێت".
بەبڕوای ئەژی چەتۆ نەورزی ئەمساڵ یش دەگۆڕدرێت ،"٢١ی ئادار یەکەم رۆژی وەرزی بەھارە، بەڵام لە زانستی فەلەکییدا جیاوازە بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٠دا یەکەم رۆژی نەورۆز ٢٠ی ئادار بووە، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، یەکەم رۆژی وەرزی بەھار دەکەوێتە ١٩ی مانگ و لە ساڵی ٢٠٢٥ دا یەکەم رۆژی وەرزی بەھار دەکەوێتە ٢٠ی ئادار و ئەمانە ھەمووی پەیوەندی بە زانستیی فەلەکییەوە ھەیە".