دانیشتووانی گەڕەکی تۆپزاوای هەولێر گردبوونەتەوە و شەقامی سەرەکی بەستنەوەی گەڕەکی ژیان و تۆپزاوا و رێگای کۆیەیان گرتووە و داوای خزمەتگوزاری دەکەن، دەشڵێن، تاوەکو وەڵامیان نەدرێتەوە شەقامەکە چۆڵ ناکەن.
لەو بارەیەوە دانیشتووانی گوندەکە باس لەوەدەکەن، کە هاوینان لەبەر تۆز و خۆڵ و زستانانیش لەبەر جۆگەلە و قوڕاو ژیانیان سەخت بووە و دایکێکی بەشداربووی گردبوونەوەکە باسی لەوەکرد، هەندێک جار بەهۆی قوڕ و جۆگەلەی ئاوەوە ناتوانن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە.
ئەو هاوڵاتیانە دەڵێن، پێیان وتوون تەنها بەردەم دەرگای
قوتابخانەکەیان بۆ چاکدەکەن، بەڵام ئەوان دەڵێن لەناو گەڕەکەکانیشدا ژیانیان سەختە
و شەقامەکە چۆڵ ناکەن تاوەکو بەڵێنێکیان پێنەدرێت.
یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەش کە دایکێکە
باسی لەوەکرد، پێویست بوو وەڵامیان بدەنەوە و دەڵێت، "هیچ نەبێت نزیک
دەنگدانە دەبووایە ئێستا وەڵامیان هەبێت."
ئەوەشیان خستەڕوو، کە ئەوان ئاوەڕۆیان نییە و قوتابخانەکەش
بچووکە چوار خوێندکار لەسەر یەک رەحلە دادەنیشن.
ئەم گردفتانەی گەڕەکی تۆپزاوای هەولێر هەیانە، گرفتی
بەشی زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمە و بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی هەرێم بەدەست نەبوونی
خزمەتگوزاری و قوتابخانەی بچوک و کەمی جێگاوە دەناڵێنن.