سەردێڕ:

ترۆدۆ بۆ سێیەمجار ھەڵبژاردنەکانی کەنەدای بردەوە

AM:08:30:21/09/2021

9388 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان پارتەکەی جەستن ترۆدۆ، جارێکی توانیویەتی زۆرینەی دەنگەکان کۆبکاتەوەو بەوەش چانسی ئەوەی دەبێت بۆ جاری سێیەم پۆستی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا وەربگرێتەوە.


دوێنێ کەنەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆی ئەنجامدا و تیایدا پارتی لیبڕاڵەکان توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و لیبڕاڵەکان ١٥٦ کورسی، پارێزگارەکان ١٢٣ کورسی، هەرێمی کیوبیک ٢٩ کورسی، حزبی نوێی دیموکراتی ٢٨ کورسی، حزبی سەوزیش دوو کورسی بەدەستبهێنێت.
بەگوێرەی وتەی شارەزایان، دەرچوونەوە و سەرکەوتنی حزبەکەی ترۆدۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەسەروبەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا حکومەتەکەی ترۆدۆ زۆرترین رێژەی ڤاکسینیی دابەشکردووە و لەریزبەندی سەرەوەی وڵاتەکانی جیهاندایە کە زۆرترین ژەمە ڤاکسینیان وەرگرتووە، هاوکات دەیان ملیار دۆلاری لە پرۆسەی بەهێزکردنەوە و بوژاندنەوەی سێکتەری ئابووری وڵاتەکەیدا خەرجکردووە دوای ئەوەی کە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانێکی زۆری بەرکەوت.

ناکۆکی سەرەکی نێوان حزبەکەی ترۆدۆ و پارتی پارێزگاران لەسەر پرسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ و ڤاکسینی کۆرۆنا قوڵتر بووە، کاتێک کە پارتی پارێزگارەکان دژایەتی قەدەغەی هاتوچۆ و ڤاکسینی کۆرۆنا دەربڕی و لەبەرامبەریشدا، جەستن ترۆدۆ داوای لەهاوڵاتییانی کەنەدا کرد، "دەنگ بە حکومەتێک بدەن کە شوێن زانست دەکەوێت".

جەستن ترۆدۆ ٤٩ ساڵە و کوڕی پێریی ترۆدۆ سەرۆکوەزیرانی پێشووتری کەنەدایە لەپارتی لیبڕاڵییەکان، لە کورسی دەسەڵاتدایە، لەپاش هەڵبژاردنەکەی ئەو وڵاتەش، جەستن ترۆدۆ بۆ سێیەمجار دەبێتەوە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا.














گەلەری

‌بەپەلە