سەردێڕ:

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ راگەیەندرا

PM:06:41:20/09/2021

4636 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ راگەیاندرا، کە بەمەش دەبێتە چوار ئیدارەی سەربەخۆ لە هەرێمدا، کە بریتین لە هەریەکە لە "ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، راپەڕین، زاخۆ و سۆران"، کە سۆرانیش لەم دواییانەدا بووە ئیدارەی سەربەخۆ.


ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ راگەیاندرا و مەسرور بارزانی باسی لەوەکرد، "زاخۆ دەڤەرێکی فراوانە، بۆ راپەڕاندنی ئیشوکاری ئیداری رەنگە زەحمەت بیت خەڵک بگەڕێنەوە دھۆک، بۆیە شۆڕکردنەوەی دەسەڵات یان راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ ئەوەیە ئاسانکاری زیاتر بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت."

زاخۆ لە ساڵی ١٨٦٤ـوە بوو بە قەزا و سەر بە پارێزگای دهۆکە، رووبەرەکەی هەزار و ٢٠٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەسە، جگە لەو ژمارەیە، ٩٠ ھەزار ئاوارە و پەنابەری لێ دەژی، قەزای زاخۆ لە سێ ناحیە و ١٨٧ گوند پێکدێت.

زاخۆ لە ناحیەکانی باتیفا، دەرکار و رزگاری پێکھاتووە و لە سنوری قەزاکە ١٨٧ گوند ھەیە، ٩٢ گوند ئاوەدان کراونەتەوە و ٩٥ گوندش بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە بۆسەر ئەو ناوچانە ئاوەدان بکرێنەوە.

ناحیەی رزگاری ٤٩ گوند و پێنج کۆمەڵگا لەخۆدەگرێت، ناحیەی دەرکایش ٦٣ گوند و سێ کۆمەڵگای لەخۆگرتووە، ناحیەی باتیفا ٧٥ گوند و سێ کۆمەڵگای لەخۆگرتووە، هەروەها لە زاخۆ شەش شارەوانی ھەیە.

ناحیەی باتیفا لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆکەوە پێشنیاز کراوە تا ببێتە قەزا و پێشنیازەکەش پەسەند کراوە کە کۆمەڵگەی بێگۆڤا و گوندی ئاڤەگەنیێ ببنە شارەدێی سەربە باتیفا.

هەروەها لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک، پێشنیازکراوە ناحیەی باتێل کە سەربە قەزای سیمێڵە بکرێت بە قەزا و ئیدارەکەی بۆ زاخۆ بگوازرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو ھەنگاوە جێبەجێ نەکراوە.

لە رووی ئابورییەوە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێگەی ھەیە، دەروازەی سنوریی ئیبراھیم خەلیل کە یەکێکە لە دەروازە سنورییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان لە سنوری زاخۆیە کە ھەرێمی کوردستان بە تورکیا دەبەستێتەوە.

هەروەها لە زاخۆ چەندین شوێنەواری مێژوویی گرنگ ھەیە کە بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی شوێنەواری مێژوویی دھۆک، ١٥٩ شوێنەواری مێژوویی لەو قەزایە دەست نیشان کراوە لە گرنگترینیان؛ پردی دەلال، کەللی زاخۆ، کەللی قوباد پاشا و شوێنەواری کێستە.













گەلەری