سەردێڕ:

کۆمپانیایەکی راوێژکاری نێودەوڵەتی: یەدەگی نەوتی عێراق کەمترە لەوەی حکومەت رایگەیاندووە

PM:01:20:17/07/2021

6748 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای ریستاد ئینێرجی نێودەوڵەتی بۆ راوێژکاری و کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی وزەوە لە جیهان رایگەیاند، نەوتی یەدەگی عێراق کەمترە لەو رێژەیەی حکومەتی ئەو وڵاتە ئاشکرای کردووە. دەشڵێت، "نەوتی یەدەگی جیهنا کە دەتوانرێت دەربهێنرێت بە رێژەی ٩.٣% کەمیکردووە".


کۆمپانیای ریستاد ئینێرجی راوێژکاری لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاویکردووەتەوە ئاشکرای کردووە، ئەو بڕە نەوتە یەدەگەی لە عێراقدا هەیە و حکومەت دەتوانێت دەریبهێنێت ١١٠ ملیار بەرمیلە، لەکاتێکدا حکومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاندبوو، نەوتی یەدەگی خاوی  بریتیە لە ١٤٥ ملیار بەرمیل.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارە فەرمییەکان ئاماژە بەوەدەدەن رێژەی نەوتی یەدەگی خاوی وڵاتانی ئۆپیک گەیشتووەتە یەک ترلیۆن و ٢١٥ ملیار بەمیل، بەڵام لە راستیدا نەوتی یەدەگیان ٧٤١ ملیار بەرمیلە.

راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان ژمارەی راستەقینە و ئەو ژمارەیەی رەگەیەنراوە، بەگشتی دەکەوێتە وڵاتەکانی ئێران و عێراق و ئیمارات و کوەیت و نەیجیریا و لیبیا. لەدەرەوەی رێکخراوی ئۆپیکیش جیاوازی لە رێژەی نەوتی یەدەگی هەریەک لە روسیا و کەنەدا دا هەیە.

لەبارەی کەمبوونەوەی رێژەی نەوتی یەدەگی جیهانیشەوە راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە رێژەی ٩.٣% لە جیهاندا توانای دەرهێنانی نەوتی یەدەگ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ پاشەکشەی کردووە، بەشێوەیەک ساڵی رابردوو یەک ترلیۆن و ٩٠٣ ملیار بەرمیل نەوت دەرهێنراوە، بەڵام لەمساڵدا دابەزیوە بۆ یەک ترلیۆن و ٧٢٥ ملیار بەرمیل.

ریستاد ئینێرجی کۆمپانیەکی سەربەخۆی راوێژکاری بواری وزە و زیرەکی کارکردنە لە جیهاندا وئۆفیسی سەرەکی لە شاری نیۆرکە لە ئەمریکا، ساڵانە لەرێگەی راپۆرتەکانییەوە داتا و زانیاری و شیکاری ئابوری پێشکەشدەکات بە ئامانجی راوێژکاری لە بواری بەرهەمهێنانی وزەدا.













گەلەری