سەردێڕ:

پزیشکى دادوەرى هۆکارى گیانلەدەستدانى د.فرمێسکى ئاشکرا کرد

PM:03:33:20/09/2021

97604 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکى دادوەرى شارى هەولێر راپۆرتێکى لەبارەى گیانلەدەستدانى د.فرمێسک فەرهاد بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بە هۆکارى گیانلەدەستدانەکە کرد.


ئەمڕۆ دووشەممە، پزیشکى دادوەرى هەولێر لە راپۆرتێکدا کە وێنەیەکى دەست ئێن ئاڕ تى کەوتووە ئاماژەى بەوە کرد "د.فرمێسک فەرهاد لە مەلەوانگەکە خنکاوە ".

بەگوێرەى راپۆرتەکە مەلەوانگەکە کەمتەرخەم بووە و کەسوکارى د.فرمێسک سوورن لەسەر سکاڵاکەیان دژ بە لایەنانەى کە بەکەمتەرخەمى ئەو دۆسیەیەى دەزانن.

لە راپۆرتەکەدا ئەوە یەکلایى کراوەتەوە کە د.فرمێسک بەهیچ جۆرێک دووچارى جەڵتەى دڵ نەبووە وەک باس دەکرێت بەڵکو هۆکارى گیانلەدەستدانەکەى خنکاندنى بووە لە ئاوى مەلەوانگەکەدا.

رۆژی حەوتی ئەم مانگە، د.فرمێسک فەرهاد حەسەن، تەمەن ٢٥ ساڵان، کە پزیشکی پسپۆڕی ددان بووە، لەیەکێک لە مەلەوانگەکانی شاری هەولێردا خنکا، دوابەدوای رووداوەکەش، باوکی فرمێسک رایگەیاند، "گومانمان لە خنکانی فرمێسک هەیە و چاوەڕیی وەڵامی پزیشکی دادی هەولێرین".

پێشتر تایبەت بە پرسی خنکانی د.فرمێسک لە یەکێک لە مەلەوانگەکانى هەولێر، فەرهاد حەسەن باوکی ئەو پزیشکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "گومانمان لە گیانلەدەستدانی کچەکەمان هەیە و داوای لێکۆڵینەوەمان لە چۆنییەتی گیانلەدەستدانی کردووە".

فەرهاد حەسەن باوکی د.فرمێسک فەرهاد ئەو کچە پزیشکەی پێش دوو رۆژ بەر لە ئێستا لە مەلەوانگەیەکی هەولێر خنکا، لە لێدوانێکى بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، "گومانمان لە گیانلەدەستدانی کچەکەمان هەیە و لەوکاتەدا هیچ تیمێکی فریاگوزاری لێ نەبووە".

وتیشی، "لەکاتی خنکانی د.فرمێسکدا، خوشکە بچوکەی لەگەڵدا بووە کە تەمەنی هەشت ساڵانە". بەگوێرەی وتەی خوشکە بچوکەکەشی، "ئەو فرمێسکی بینیوە کاتێک ویستوویەتی بچێتە نێو مەلەوانگەکەوە قاچی خلیسکاوە و کەوتووەتە نیو مەلەوانگەکەوە".


 

هێرش قادر، هەولێر













گەلەری