بەڕێوبەرایەتى چاکسازى ژنان و منداڵانى هەولێر دەستپێکردنەوەى سەردانیکردنى زیندانیانى راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوبەرایەتى چاکسازى ژنان و منداڵانى شارى هەولێر راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا سەرجەم خانەوادەى بەندکراوانى ئاگادارکردەوە کە لە رۆژى چوارشەممە (٢٢ى ئەیلولى ٢٠٢١) سەردانیکردنى بەندکراوان دەستپێدەکاتەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، ئەم چوار شەممەیە سەردانی سزاداوانی نەوجەوان
و ئافرەتان بەڕێوە دەچێت و رۆژى چوار شەممەی داهاتوو (٢٩ى ئەیلولى ٢٠٢١) سەردانی ڕاگیراوانی
نەوجەوان و ئافرەتان بەڕێوەدەچێت.
ئاماژە بەوەش کراوە "ڕێککاری سەردانی بریتیە لە سەردانیکردنی دایک
و باوک و خوشک و برا و هاوسەر و منداڵ بە پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی تەندروستی ،
بەتایبەت بەستنی ماسک" .
جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە "بۆ هەفتەکانی داهاتووش بە هەمان میکانیزم
سەردانیکردن بەردەوامی دەبێت".
هاوکات وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیش لە نوسراوێکى فەرمیدا دەستپێکردنەوەى سەردانیکردنى زیندانیانى راگەیاند و ئاماژەى بەوە کرد بڕیارەکە لەمڕۆوە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردن.