وەزارەتى تەندروستى عێراق لەپلانیدایە هەتا کۆتایى ئەمساڵ بگات بە ٢٠ ملیۆن وەرگرى ڤاکسینى کۆرۆنا ئەمەش لەپێناوى بەرگرتن لە کاریگەرییەکانى شەپۆلى چوارەمى ڤایرۆسى کۆرۆنا.
ربى فەلاح، ئەندامى تیمى راگەیاندنى پزیشکى لە وەزارەتى تەندروستى عێراق لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەى سەباحى فەرمى ئاماژەى بەوە کرد "وەزارەت لە پلانیدایە هەتا کۆتایى ئەمساڵ بگات بە ٢٠ ملیۆن وەرگرى ڤاکسین و لەئێستادا سەدا ١٨ى هاووڵاتیان ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە".
وتیشى "گەیشتن بەو ژمارەیەى کە وەزارەت
پلانى بۆ داناوە پشت بە بەدەنگەوەهاتنى هاوڵاتییان دەبەستێت بۆ وەرگرتنى ڤاکسین و
هەروەها پابەندبوونى کۆمپانیاکانى ڤاکسین بە دابینکردنى ئەو بڕە ڤاکسینەى کە
پێویستە".
رونیشیکردەوە "نزیکەى سەدا ١٨ى
هاوڵاتیان ژەمى یەکەمى ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و هێشتا زووە باس لە گەیشتنى عێراق
بە بەرگرى کۆمەڵایەتى بکرێت چونکە ئەوە بە وەرگرتنى سەدا ٥٠ى ڤاکسین لەلایەن
هاوڵاتیان بەدەستدێت".
داواشى لە هاوڵاتییان کرد کە پابەندبن بە
رێکارە خۆپارێزییەکان و بەدورگرتنى کۆمەڵایەتى و بەستنى دەمامک بەتایبەت کە نزیک
بووینەتەوە لە وەرزى زستان کە تیایدا نەخۆشییە گوازراوەکانى تیادا بڵاودەبێتەوە.
جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە "بەهۆى
وەرگرتنى ڤاکسینەوە لە چەند رۆژى رابردوودا ژمارەى توشبووان و گیانلەدەستدان بە
ڤایرۆسەکە کەمی کردووە".