سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى زانیارى نوێ لەبارەى دۆخى سزادراوانى بادینان ئاشکرا دەکات

PM:10:34:19/09/2021

8176 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە دەستگیرکراوەکانى بادینان زانیارى نوێ لەبارەى دۆخى خۆیى و هاوڕێکانى لە زیندان بۆ ئێن ئاڕ تى ئاشکرا دەکات و رەتیدەکاتەوە ئەوان بۆ چارەسەر برابنە دەرەوەى زیندان.


ئەیاز کەرەم یەکێک لە سزادراوانى بادینان لەمیانەى پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەگەڵ ئێن ئاڕ تى رایگەیاند "لە رۆژى شەشى ئەم مانگەوە مانم لە خواردن گرتووە هەتا ئەو کاتەى دادگاییەکى سەربەخۆ یان بڕیارێکى لێخۆشبوونمان بۆ دەردەچێت".

وتیشى "سەرجەمى سزادراوانى بادینان مانیان لە خواردن نەگرتووە بەڵکو بەشێکیان مانیان گرتووە".

ئەیاز کەرەم رونیکردەوە ئەویان نەبردووەتە دەرەوەى زیندان بۆ نەخۆشخانە و تەنها پزیشکێک هێنراوەتە زیندان و پشکنینى بۆ کردووە.

ئەیاز لەبەشێکى ترى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا وتەکانى وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى ڕەتکردەوە کە ئاماژەى بە باشى دۆخى سزادراوانى بادینانى لەناو زیندان کردبوو.

 

زیاتر لەساڵێکە، ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بەچەند تۆمەتێک دەستگیرکراون، دواتریش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد، سەرباری رەخنەکانیش لە بڕیارەکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکەی پەسەندکرد.


 

 

هێرش قادر، هەولێر













گەلەری