سەردێڕ:

نرخى تاپۆکردنى خانووە زێدەڕۆکان دیارى کرا

PM:10:07:19/09/2021

63568 جار خوێندراوەتەوە

یاساى بە خاوەنکردنى ئەو زەوییانەى کە لەسنورى شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە رۆژنامەى وەقائیعى کوردستان بڵاوکرایەوە و بەوەش یاساکە کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.


بەگوێرەى یاساى ژمارە ٧ى ساڵى ٢٠٢١ کە لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە دەرچووە، نرخى بەخاوەنکردن و تاپۆکردنى ئەو زەوى و خانووانە دیارى کراوە کە لەسنورى شارەوانییەکان بە زێدەڕۆیى دروستکراوون.

 

لەیاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە شارەوانییەکان دەتوانن ئەو زێدەڕۆکارەى کە پێش رێکەوتى ٣١ى١٢ى٢٠٢٠ خانووى نیشتەجێبوونى بە زێدەڕۆیى دروستکردووە، بکەنە خاوەنى ئەو زەوییەى خانووەکەى لەسەر دروستکراوە و موڵکى دەوڵەتە.

بەگوێرەى یاساکە، بەهاى ئەو زەوییانەى زیادەڕۆییان لەسەر کراوە بە خانووى نیشتەجێبوون، نرخەکانیان بەم شێوەیە دەخەمڵێنرێت:

یەکەم: ئەگەر ئەو زەوییەى زیادەڕۆیى کرابووە سەر لەلایەن شارەوانییەوە پێش زیادەڕۆیى کردنە سەرى جیاکرابێتەوە، نرخەکەى بەبڕى سەدا بیست و پێنجى نرخى راستەقینەى زەوییەکە دەخەمڵێنرێت و زێدەڕۆکاریش بە سوودمەند ئەژمار دەکرێت.

دووەم: ئەگەر زێدەڕۆکار سودمەندبووبێت لە دەوڵەت، لەکاتى بەخاوەن کردندا بڕى سەدا دە لەنرخى راستەقینە دەخرێتە سەر نرخى ئاماژەپێکراو لەخاڵى یەکى یاساکە.

سێهەم: ئەگەر ئەو زەوییە زیادەڕۆیى کراووەسەر، پێشتر لەلایەن شارەوانییەوە جیانەکرابێتەوە، نرخەکەى بەبڕێک دەخەمڵێنرێت کە لە پێنج سەدى نرخى راستەقینەى زەوییەکە کەمتر نەبێت.

چوارەم: هەر زێدەڕۆکارێک خۆى نیشتەجێى خانووە زێدەڕۆکە نەبوو، بە بەرامبەر یان بێ بەرامبەر کەسێکى ترى تێدا نیشتەجیبوو لەکاتى بەخاوەنکردندا بڕى سەدا دەى نرخى راستەقینە دەخرێتە سەر نرخى ئاماژەپێکراو لە خاڵەکانى ١و٢و٣ى یاساکەدا.


 

 













گەلەری