سەردێڕ:

دەستپاکی ژمارەى دۆسیەکانى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان ئاشکرا کرد

PM:05:49:19/09/2021

12936 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان ژمارەی دۆسیەکانی گەندەڵی لە هەرێم ئاشکراکرد و رایگەیاند، "لەئێستادا، ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ دۆسیە لەژێر لێکۆڵینەوەدان و ١٠٠ دۆسیەی دیکەش لە رێرەوی دادگاییکردندان".


ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەدا، دەستەکەیان راپۆرتی ساڵانەی خۆی ھەیە و لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، راپۆرتی خۆیان لەبارەیەوە پێشکەش کردووە، باسی لەوەشکرد، ھێشتا گەندەڵی مەترسییەکی گەورەیە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، "لە سەرجەم بوارەکاندا، ھەماھەنگی باشمان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی فیدراڵییدا ھەیە".

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ھەرێم بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ و گێڕانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان لە رێگای دەستەی دەستپاکی، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵییەوە دەبێت، ھەروەھا داواکارییەکان لەبارەی گێرانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان لە رێگای کەناڵە فەرمییەکانەوە پێشکەش دەکرێن.

ئەحمەد ئەنوەر ئەوەشی روونکردەوە ژمارەیەک بەرپرسی کارگێڕیی تێوەگلاون لە گەندەڵی و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەستەکەیان چاودێریی کەرتی گشتی دەکات لە سەرۆکی بەشەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتی.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت، لە ھەموو ئاستەکاندا، کەسانی تۆمەتبار بە گەندەڵی ھەن.








گەلەری