سەردێڕ:

خوێندنى باڵا گرفتى گەورەى سیستمی وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆکان ئاشکرا دەکات

PM:04:29:19/09/2021

21876 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری خوێندنی باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "گرفتی گەورە لە سیستمی وەرگرتنی خوێندکاردا هەیە لە زانکۆکان" بەپێویستیزانى کە گۆڕانکاریى لە سیستمەکەدا بکرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم رایگەیاند، "پێویستە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، تاقیکردنەوەیەکی نیشتمانیمان هەبێت، تا بزانین بۆ ساڵی نوێى خوێندن چ جۆرە کوالێتی و کادیرمان لە ناوەندەکانی خوێندن دەوێت".

ئەوەشی خستەڕوو، گرفتی گەورە سیستمی وەرگرتنی خوێندکارە لە زانکۆ، کە تەنها پێوەر تێکڕا نمرەی خوێندکار لە پۆلی ١٢یە.

دەشڵێت، لیژنەیەکیان هەیە بە سەرپەرشتی بریکاری وەزیر، بۆ داڕشتنەوە و پێداچوونەوەی یاسا لە خوێندنی باڵا، بەشێوەیەک کە لەسەر بنەمای گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوری و پێشکەوتنە زانستییەکانی ناوچەکە و جیهان بێت.

ئارام محەمەد قادر ئاماژەی بەوەشدا، مەبەستییانە لە یاسای نوێی خوێندندا دەستەبەری سەربەخۆیی ئەکادیمیی و زانستی بۆ کارگێڕی و دارایی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە زانکۆ بەبێ سەربەخۆیی ئیداریی و ئەکادیمی ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێ و ناتوانێت ببێتە ناوەندێکی ئەکادیمی راستەقینە.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم باسی لەوەشکرد، هەتا سیستمی وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆکاندا نەگۆڕدرێت ناتوانن بەهیچ گۆڕانکارییەک دڵخۆشبن، چونکە توانا و باکگراوندی زانستی خوێندکار بەهەند وەرناگرێت.

لەبارەی کەرتی تایبەتەوە ئاشکرای کرد، "نابێ ترسمان لە فراوانکردنی خوێندنی پیشەیی و تایبەت هەبێت لە هەرێمی کوردستان، ئەو سەرمایەدارە نیشتمانیانەی لە کە ناوەندەکانی خوێندن تەنها چاویان لە قازانجی مادیی نییە پێویستە پشتگیری بکرێن، بۆ ئەوەی خوێندنی پیشەیی لە ناوەندەکانی تایبەت و حکومی بەرفراوان بکرێت".

وتیشی، زانکۆ حکومییەکان بارگرانییان بۆ حکومەت دروست کردووە، لە جیهانی مۆدێرندا ئەوان سەربەخۆن.













گەلەری