سەردێڕ:

بەهۆی گرژی دوو بنەماڵەوە؛ هێزی سەربازی لە بەغدا جوڵەی پێکرا

PM:02:42:19/09/2021

10428 جار خوێندراوەتەوە

هێزی سەربازی لە بەغدا بە مەبەستی وەستاندنی گرژی لە نێوان دوو بنەماڵەدا جوڵەی پێکراوە، کە هۆکاری گرژییەکە دانانی مێزێک بووە لە بەردەم دوکانێکدا.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، هێزێکی سەربازی لە پۆلیسی فیدڕاڵی چووەتە ناوچەی کەمالیەی بەغدای پایتەختی عێراق.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئامانج لە جوڵە پێکردنی ئەو هێزە، بۆ وەستاندنی گرژی و کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێوان بنەماڵەی شەمەر و عەکیلدا بووە.

باسی لەوەشکردووە، لە پێشتردا گرژییەکانی نێوان دوو بنەماڵەکە بووەتە هۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی سێی تر، دەشڵێت، هۆکاری سەرەکی ئەو گرژییە، دانانی مێزێكی شت فرۆشتن بووە لەبەردەم دوکانێکدا.

راشیگەیاندووە، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکانیان خاڵی پشکنینیان داناوە بە مەبەستی گەڕان بە دوای ئەو کەسانەی هۆکاری دروستبوونی گرژییەکە بوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە رووداوێکی هاوشێوەدا دوو رۆژلەمەوبەریش، لە پارێزگای زیقار بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی نێوان دوو بنەماڵە روویدا و هێزە ئەمنییەکان چوونە ناوچەکە و دۆخەکەیان کۆنترۆڵکرد.













گەلەری