سەردێڕ:

پارێزگاری سلێمانی زانیاری نوێ لەسەر نرخی بەنزین ئاشکرادەکات

AM:09:16:19/09/2021

24444 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، رۆژانە وەزارەتی نەوتی عێراق یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار لیتر بەنزین بۆ هەرێم دەنێرێت و ئەوەش رێژەیەکی کەم لە پێداویستی هەرێم پڕدەکاتەوە، دەشڵێت، بەغدا بە ٦٥٠ دینار بەنزین دەدات بە هەرێم، بەڵام بە ٦٩٠ دینار دەدرێت بە هاوڵاتیان.


ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی راگەیاند، یەکەم کاروانی بەنزین کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقییەوە رەوانەی پارێزگاکەیان کراوە گەیشتووەتە دەستییان.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ گەیشتنی بەنزینەکە بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەشکراوە و بەشێک لەوان دەستییان کردووە بە فرۆشتنی یەک لیتر بەنزین بە ٦٩٠ دینار.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، هەریەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئیدارەی پارێزگای سلێمانی هەوڵییانداوە پێشوەخت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی رێککەون تا رۆژانە یەک ملیۆن و ٨٠ هەزار لیتر بەنزین بنێرێت.

ئاشکرایکرد، ئەو بڕە بەنزینەی گەیشتووەتە هەرێم بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە بەشێوەیەک بۆ هەریەک لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی ٣٦٠ مەتر سێجا بەنزین و ٢١٦ مەتر سێجا بۆ پارێزگای دهۆک و ١٤٤ مەتر سێجاش بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی لەوەشکرد، "ناردنی ئەم کاروان بەنزینە بەشێکی کەم لە پێداویستی هەرێم پڕدەکاتەوە"، چونکە هەرێم رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بەڵام بەغدا زیاتر لە ملیۆنێک لیتر دەنێرێت.

لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزینیشەوە پارێزگاری سلێمانی وتیشی، لە چەند مانگی رابردوودا نرخی بەنزین بەشێوەی پلە پلە بەرزبووەوە، هۆکارەکەشی گرانبوونی نرخی دۆلاربوو، چونکە حکومەتی هەرێم بەنزینی لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردەی دەکرد.

پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت، "بەنزینەکە بەغدا بە ٦٥٠ دینار هەر لیترێک دەدات هەرێم بە بەڵام ٦٩٠ دینار دەدرێت بە هاوڵاتیانی هەرێم"، دەشڵێت، "ئەو ٤٠ دینارەی دەچێتە سەری ٢٠ دیناری بۆ کرێی گواستنەوەی بەنزینەکە و ٢٠ دیناریش بۆ سوودی بەنزینخانەکانە."

ئەوەشی خستەڕوو، نرخی یەک لیتر بەنزینی موحەسەن بە ٩٠٠ دینار و سۆپەر بە ٩٧٥ دینارە و ئەمەش بارگرانی بۆ سەرشانی خەڵک دروستدەکات.

لە ماوەی رابردوودا، نرخی بەنزین لە شارەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە، بەجۆرێک نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەشتە ٨٠٠ دینار، کە ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و نەوەی نوێش بۆ هاوکاری هاوڵاتییان بەنزینی ٥٠٠ دیناری دابەشکرد، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەوە بەربەستی بۆ دروستکرا تا لە دابەشکردنی بەردەوام نەبێت.

كـ.ئـ













گەلەری