سەردێڕ:

عێراق و ئێران بڕیارێک لەبارەی ئاوەوە دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە

PM:11:55:18/09/2021

7528 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەبارەی بەردانەوەی ئاوی خواردنەوە لەگەڵ تورکیا و ئێران دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوەوە.


ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی وتەیەکدا لە "کۆنگرەی ئاسایشی ئاو و گرنگترین بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیدا" رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٠٩ حکومەتی عێراق یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەل تورکیا واژۆکردوو و دواتر لە ساڵی ٢٠١٤ هەمواری کردەوە، بەگوێرەی ئەو یاداشتنامەیە عێراق دەتوانێت پشکی تەواوی خۆی لە ئاوی شیرین دابین بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەیەکی هاوبەش لەگەل تورکیادا پێکهێنراوە کە بنکە سەرەکییەکەی لە بەغدایە بەهەمانهەنگی لەگەل عێراق لەبارەی دۆسییەی ئاوەوە کاردەکەن.

مەهدی رەشید حەمدانی ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئاوەی لە ئێرانەوە دێت تەنانەت ئەگەر بە رێژەی ١٥٪ـەش بێت، وەک سەرچاوەیەکی ئاو کاریگەری لەسەر پارێزگای دیالە دەبێت، چونکە تەواوی ئاوی پارێزگاکە لەو وڵاتەوە دێت.

باسی لەوەشکرد، تورکیا و ئێران ئەو دۆخەی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە عێراق دروستبوو قۆستوویانەتەوە و چەندین پرۆژەیان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دروستکردووە.

دەشڵێت، ٩٠٪ سەرچاوەی ئاوی شیرینی عێراق لە دەرەوەی خۆییەوە دێتە ناوخاکەکەیەوە.

لەلایەن خۆییەوە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە عێراق لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە "کۆنگرەی ئاسایشی ئاو و گرنگترین بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیدا" ئاشکرایکرد، هەرگیز دەستبەرداری مافی گەلی خۆمان نابین و پێویستە داواکردنی ماف ببێتە کەلتور.

دەشڵێت، پێویستە بەرگری لەمافەکانی خۆمان بکەین و بەتەواوەتی پشتیوانی هەوڵەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، شاندی عێراق و تورکیا و ئێران چەندین جار بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لە عێراقدا کۆبوونەوە. بەگوێرەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و تورکیا، حکومەتی ئەنقەرە دەبێت لە هەر چرکەیەکدا ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو بۆ عێراق بەربداتەوە و لە دوو دەیەی رابردوودا ٥٠٠ بەنداوی لەسەر روباری دیجلە و فوڕات دروستکردووە و ئەمەش گەشەسەندن و پێشکەوتنێکی ئابوری بۆ ئەو وڵاتە دەستەبەرکردووە.

کـ، ئـ













گەلەری