سەردێڕ:

کۆشکی سپی وادەی سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتۆن ئاشکراکرد

AM:10:32:17/07/2021

5468 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند، ٢٦ی تەموز سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆن دەکات و لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پێشوازی لێدەکریت. دەشڵێت، "ئامانج لەسەردانەکە جەختکردنەوەیە لەسەر هاوبەشی ستراتیجی نێوان ئەو دوو وڵاتە".


کۆشکی سپی رایگەیاند، ٢٦ی تەموز سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆن دەکات و لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پێشوازی لێدەکریت. دەشڵێت، "ئامانج لەسەردانەکە جەختکردنەوەیە لەسەر هاوبەشی ستراتیجی نێوان ئەو دوو وڵاتە".

کۆشکی سپی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەمەبەستی جەختکردنەوە لەسەر هاوبەشی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق، ٢٦ی تەموز، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە واشنتۆن.

ئاماژەی بەوەشداوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە مستەفا کازمی و شاندی یاوەریدەکات.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، جۆ بایدن لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی بەگشتی و هەوڵی هاوبەش بۆ تێکشکاندنی داعش بەتایبەتی لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆدەکات.

پێشبیندەکرێت، لە گفتوگۆی ستراتیجی نێوان واشنتۆن و بەغدا، کازمی خشتەیەکی ماوە درێژ دابنێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، کە لە ئێستادا نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لەناو عێرقدا ماون.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ٧ی نیسانی ئەمساڵ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و روبەڕووبونەوەی داعش و بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان و ئابورییەکان و دۆسییەکانی ئاڵوگۆڕی کەلتوری و تەندروستی و ژینگە و پەروەردە و وزە گرفتوگۆی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق بەڕێوەچوو.

لە ١٥ى ئەم مانگەش برێت مەکگۆرک رێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانى عێراق کۆبووەوە و باسى لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەو وڵاتە و ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردن کرد.

لە ئێستادا نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا ماونەتەوە. لەماوەی رابردووشدا نزیکەی ٥٠ هێرش لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئاراستەکردنی موشەک کراوەتە سەر بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و هەولێر، ئەمریکاش حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتباردەکات.

لە کۆتایی مانگی حوزەیران ئەمریکا هێرشێکی بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنوری نێوان سوریا و عێراق ئەنجامدا و بەهۆیەوە نزیکەی ١٠ چەکداری حەشد کوژران.













گەلەری