سەردێڕ:

لەبارەی زیارەتکارانی ئایینیەوە؛ داوایەک لە ئێرانەوە

PM:06:34:18/09/2021

10096 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، داوا لە زیارەتکارانی وڵاتەکەی دەکات کە بەمەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی ساڵیادی چلەی ماتەمینی حسێنی کوڕی عەلی سەردانی شارەکانی نەجەف و کەربەلا دەکەن لە هەرێمی کوردستانەوە نەچنە ناو خاکی عێراقەوە.


ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی لە زاری ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراقەوە بڵاویکردەوە، زیارەتکارانی ساڵیادی چلەی ماتەمینی حسێنی کوڕی عەلی تەنها لە رێگەی ئاسمانییەوە بۆیان هەیە بچنە ناو خاکی عێراقەوە، چونکە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە.

دەشڵێت، ئەم بابەتە بەلای حکومەتی فیدڕاڵییەوە زۆر گرنگە و لەکاتی گەڕانەوەی زیارەتکاراندا تەنها دەتوانن لە رێگەی دەروازی مەهرانەوە بێنە ناو عێراقەوە.

ئیرەج مەسجیدی ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە زیارەتکارانی وڵاتەکەی دەکات لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی عێراق نەکەن.

وتیشی، دەروازەکانی هەرێم تەنها بۆ گەشتیارانی هەرێمە و ئەو کەسانەی لەو دەروازانەوە گەشت بۆ ئێران دەکەن، هەر بۆیە هەر زیارەتکارێک لەو دەروازانەوە بچێتە ناو خاکی عێراقەوە دەسەڵاتداران و دەزگا ئەمنییە عێراقییەکان دەستگیری دەکەن.

ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق دەتوانێت ئەو زیارەتکارانەی لە هەرێمەوە دەچنە ناوخاکی عێراقەوە دەستگیرییان بکات و بیانداتە دادگا و سزاشییان بدات، چونکە ئەو دەروازانە بۆ زیاراتکاران رێگە پێدراونییە.

کـ، ئـ













گەلەری