پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە شەوی رابردوو لە هەولێر چەند دەنگێکی جیاواز لە بینایەکی تەواونەکراودا بیستراوە و چەند شایەتحاڵێک دەیانوت گوایە ئەوە دەنگی جنۆکە بووە، بەڵام پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە."
لە گوێرەی چەند شایەتحاڵێک کە بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاندووە، لە درەنگانێکی شەوی رابردوودا، لە نزیک بازاڕی لەنگەی هەولێر لە بینایەکی تەواو نەکراودا کۆمەڵێک دەنگ بیسراوە وەک، دەنگی وەڕینی سەگ، گۆرانی، میوزیک.
وتووشیانە، ئەو بینایە ماوەی چەند مانگێکە لەلایەن خاوەنەکەیەوە بە
تەواونەکراوی جێهێڵراوە و دەرگاکانی چوونە ناوەوەی داخستووە و کەسیش نەبینراوە کە
بڕواتە ناویەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ماوەی رابردوودا چەندجارێک گوێبیستی ئەو
دەنگانەبوون، بەڵام دوو شەوە بە بەردەوامی گۆبیستی دەنگەکان دەبن.
هاوکات، بەشێک لەو هاوڵاتیانەی گوێبیستی دەنگەکان بوون دەیانوت، "ئەوە
دەنگی جنۆکەیە."
لەوبارەیەوە، هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ئێن
ئاڕ تی راگەیاند، ئەو بابەتە دوورە لە راستی بەڵکو بڵندگۆیەک لەلایەن خاوەن بیناکەوە
داندرابوو کە ھەستیار بوو لەکاتی ھەر حاڵەتێک دەنگی لێوەدەهات و هەموو دەنگۆکانی
کە لەوبارەیەوە باس دەکران رەتکردەوە.