سەردێڕ:

پاش حەوت ساڵ عێراق برنجی تایلەندى هاوردە کردەوە

PM:12:20:18/09/2021

10588 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی "زە نیشین تایلەند" بڵاویکردەوە، پاش حەوت ساڵ عێراق دەستدەکاتەوە بە هاوردەکردنی برنجی تایلەندی.


کریانجساک تابنانۆن سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی برنج لە تایلەند بە ماڵپەڕە تایلەندییەکەی راگەیاندووە، "ئەمە دووەم بڕە کە لەماوەی ئەمساڵدا عێراق برنجی تایلەندی دەکڕێت، کە تیایدا لە رۆژی ١٨ی ئابی ئەمساڵدا، عێراق ٤٤ هەزار تۆن برنجی تایلەندی کڕی".

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی برنج لە تایلەند ئاماژەی بەوەشکردووە، "لابردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی برنجی تایلەند لەلایەن عێراقەوە، بڕیارێکی گرنگە بۆ هەموو بەرهەمهێنەرەکانی تایلەند".

دەشڵێت، "لەماوەی ساڵانی رابردوودا، عێراق کڕیار و هاوردەکارێکی سەرەکی برنجی تایلەند بووە".

کریانجساک تابنانۆن داواشی لە هەموو وەبەرهێنەرانی برنج لە وڵاتەکەی کردووە کە ئامادەکاری بکەن بۆ هەبوونی هەر داواکارییەکی زیاتر لەسەر برنجی تایلەندی و بەدەستهێنانی متمانەی کڕیاران.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی برنج ئەوەشی خستوەتەڕوو، بڕیارەکەی عێراق بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی برنجی تایلەند لەدوای ساڵی ٢٠١٤ەوە دێت، دوای ئەوەی یەکێک لە بەرهەمهێنەرەکانی برنجی تایلەندی ١١٠ هەزار تۆن برنجی هەناردەی عێراق کرد و شکستیهێنا لە پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی.








گەلەری