بۆ یەکەمجار تیمێکى کنە و پشکنینى عەمانى چوونە ناو بیرى بەرهوت لەوڵاتى یەمەن کە بە (بیرى شەیتان) ناسراوە و ڤیدیۆى ناو بیرەکەیان بڵاوکردەوە.
تیمێکى کنە و پشکنینى تایبەت بە بیرەکان بە کەرەستەى تەواوەتی توانییان بچنە ناو بیرى بەرهوت (بیرى شەیتان) و ڤیدیۆى ناو بیرەکەیان بڵاوکردەوە ئەمە لە کاتێکدایە وەک باس دەکرێت پێشتر هەر کەسێک چووبێتە ناو بیرەکە نەگەڕاوەتەوە و ون بووە تیایدا.
لەبارەى بیرى شەیتانەوە چەندین بەسەرهات باس کراوە و بەشێک لەو
بڕوایەدان جنۆکە لەناو بیرەکەدایە و بۆتە مەترسى لەسەر زەوى و هەر کەسێک نزیک
بێتەوە لە کونى بیرەکە قوتى دەدات.
بەگوێرەى بەسەرهاتەکانى تر لەبارەى بیرەکەش باس لەوە کراوە کە گوایە
کەسانێک کە چوونەتە ناو بیرەکەوە بە مردوویى دەرهێنراوون و هەروەها کامێرا براوەتە
ناو بیرەکە و بە تێک و پێکشکاوى دەرهێنراوە و پاترى کامێراکەش بەتەواوى شێوێنراوە.
لەو گرتە ڤیدیۆیەى کە تیمە عەمانییەکە لەسەر بیرەکە خستوویانەتە روو
ئەوەیە کە لە چوار دەورى بیرەکە لەناوەوە ئاو هەڵدەقوڵێت و تاڤگەیان دروستکردووە و هەروەها مار و بۆق و قالۆنچەیەکى زۆرى تێدایە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تیمە عەمانییەکە تیرەى دەمى بیرەکە ٣٠ مەترە
و قوڵاییەکەى نزیکەى ١١٢ مەترە و تیرەى خوارەوەى بیرەکەش نزیکەى ١١٦ مەترە.
تیمەکە تایبەتمەندى جیۆلۆجى و ژینگەیى بیرەکەیان دۆکیۆمێنت کردووە و
ئاماژەیان بەوە کرد کە بەمزووانە راپۆرتێک لەبارەى پشکنینەکەیان بۆ بیرەکە
بڵاودەکەنەوە.
بیری بەرهووت دەکەوێتە دۆڵی حەزرەمۆت لە یەمەن، مێژوی دروستکردنی دەگەڕێتەوە
بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا و ئەفسانەیەکى زۆر لەبارەى چۆنیەتى دروستکردنى بیرەکە
هەیە و بەشێکیان لەو بڕوایەدان کە مێژووى دروستکردنى دەگەڕێتەوە بۆ پاشای حەمیریەکان کە ئەوکات ئەو بیرەی
بە جنۆکە گەورەکان دروستکردووە بۆ شاردنەوەی خەزێنەکەی، دوای مردنی پاشا جنۆکەکان
دەستیان گرتووە بەسەر بیرەکەدا.