سەردێڕ:

دوای ٢٠ ساڵ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا؛ بۆتەفلیقە کۆچی دواییکرد

AM:08:25:18/09/2021

6508 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی جەزائیر رایگەیاند، عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە دوای دوو ساڵ لە دەستبەرداربوونی لە دەسەڵات و لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا و بەھۆکاری نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.


عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە ماوەی ٢٠ ساڵ لە حوکمڕانی جەزائیری کرد و دواتر لە رێکەوتی ٢ی نیسان ٢٠١٩ لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران و پشتیوانی سوپا لە خۆپیشاندەران دەستبەرداری دەسەڵات بوو.
عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە لە ٢ی ئایاری ١٩٣٧ لە دایک و باوکێکی جەزائیری لە شاری وەجدەی مەغریبی لەدایک بووە و تا قۆناغی دواناوەندیش خوێندنی لە ھەمان شار تەواوکردووە.
لەتەمەنی ١٩ ساڵیدا و لە ساڵی ١٩٥٦دەست لە خوێندن ھەڵدەگرێت و پەیوەندی بە سوپای جەزائیرەوەدەکات و لەماوەیەکی کەمدا چەندین پۆست لە سەرکردایەتی شۆرشی رزگاری خوازی جەزائیریدا دەگرێتە دەست.
ھەروەھا لە ریزەکانی سوپادا چەندین پۆستی وەک فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و فەرماندەیی سوپا سالاری وڵاتی گرتووەتە دەست و دواتر بووەتە فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی سوپای شۆڕش.
لەساڵی ١٩٦٢ دوای سەربەخۆبوونی جەزائیر واز لە بواری سەربازی دەھێنێت و روودەکاتە کاری سیاسی و لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا لە حکموەتەکەی ئەحمەد بەلە وەک وەزیری وەرزش و گەنجان و گەشتوگوزار دەست بەکار دەبێت.
لە ساڵی ١٩٦٣ دوای مردنی محەمەد خەمسیتی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی جەزائیر، بۆتفلیقە لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا شوێنی دەگرێتەوە و بەمەش دەبێتە گەنجترین وەزیری دەرەوەی لە جیھاندا.
لە ساڵی ١٩٩٩ وەک کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی جەزائیری کرد و بەڵێنیدا کۆتایی بەتوندوتیژی و جەنگی ناوخۆیی جەزائیر بێنێت کە نزیکەی ١٥٠ ھەزار ھاوڵاتی ئەو وڵاتەی تێدا کوژراو و  زیانی زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلاری بە وڵات گەیاند و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩١ی ھەڵوەشاندەوە کە تیایدا بەرەی رزگاری خوازی ئیسلامی بەزۆرینەی دەنگ سەرکەوتنی تێدا ھێنا و ئەو شەڕە لە جەزائیردا بە " دە ساڵە رەشەکە" ناسراوە.
لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستوری وڵاتی ھەموار کردەوە و تیایدا مەرجی خۆپاڵاوتنی سەرۆک تەنھا لە دوو خولدای ھەڵوەشاندەوە، بەمەش لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بە توندی رەخنەی لێگیرا بەوەی بەنیازە بە درێژایی تەمەنی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
دواجار لە ٢٢ی شوباتی ٢٠١٩ گەلی جەزائیر رژانە سەرشەقامەکان و دوای دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولعەزیز بۆتەفلیقەیان کرد و ناچارییان کرد لە ٢ی نیسانی ٢٠١٩ دەست بەرداری دەسەڵات بێت.

کـ ، ئـ







گەلەری

‌بەپەلە