سەردێڕ:

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی کەیسەکەى گۆڤەند دەستگیرکرا

PM:11:31:17/09/2021

27204 جار خوێندراوەتەوە

تا دێت دۆسییەکەی گۆڤەند و نهێنی پشت بڵاوبوونەوەی ڤیدۆیی سوکایەتی و پەشیمانی گەنجەکان زانیاریی نوێی لێ ئاشکرادەبێت و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلی تایبەتی کەسێکى نزیک لە گۆڤەندیش کەیسەکە دەباتە قۆناغێکی دیکەوە.


پارێزەرێکی ئاگادار لەو کەیسە لە هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مۆبایلى کەسێکى نزیک لە گۆڤەند کەوتووەتە دەست هێزە ئەمنییەکان و وێنەى نەشیاوی کچێکى تێدا بووە و کچەکە دانی بەوەداناوە کە ئافرەتی بۆ گۆڤەند رازیکردووە و دواتر لەبەردەم کامێرادا وێنەی نەشیاوى گرتوون و خودی ئەو کەسەش دەستگیرکراوە کە ئەندامێکی باندەکەی گۆڤەندە.

ئەو پارێزەرەی ئاگادارە لە کەیسی گۆڤەند بە ئێن ئاڕتی راشیگەیاند، چەند کەسێک لەسەر دۆسییەی گۆڤەند دەستگیرکراون و بەکەفالەت ئازاکراون و پەڕاوەکانى ئەو کەسانەش رەوانەى دادگا کراوە بۆ دیاریکردنى وادەى دادگاییکردنیان.

پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان بە فەرمى تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەى ئەو دۆسیەیەوە بڵاونەکردووەتەوە و بەبیانوی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان زانیاریی نادرکێنن.

بەڵام بەپێی چاوگێکی دیکەى نزیک لە کەیسەکە و ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی دەست باندەکەی گۆڤەند، لە رێگەی چەند گرتە ڤیدییۆییەکی نەشیاوەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان لێکراوە و بەو هۆیەشەوە تائێستا چەندین هەزار دۆلاریان لە ئافرەتەکان وەرگرتووە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بێت کە بەشێوەیەکى خێرا و بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە، چەند کچ و کوڕێک بەبێ شاردنەوەى روخسارى خۆیان و بە ئاشکرا دەرکەوتن کە داواى لێبوردن لەکەسێک بەناوى گۆڤەند دەکەن تا ڤیدیۆ و وێنە تایبەتییەکانیان بسڕێتەوە و بڵاوینەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان گۆڤەند تەنها کەسێک نییە بەڵکو لەژێر ئەم ناوەدا چەند کەسێک هاوشێوەی باندێک کاریان کردووە و تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ کوڕ و کچی گەنج لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کڵەب هاوس کەوتونەتە داویان.

تا ئێستاش دیارنییە چەند کەسى دیکە لەژێر ناوی گۆڤەنددا کاریان هەڕەشە و لەخشتەبردنی گەنجەکان بووە، داواکارى گشتى و دەستەى مافى مرۆڤیش بەدواى گۆڤەند و دار و دەستە ئەلیکترۆنییەکەیەوەن.














گەلەری