لە دوو رووداوی جیاوازی هاتوچۆ لە پارێزگای دهۆک ژنێک و منداڵێکی تەمەن ٢٠ رۆژ گیانیان لەدەستدا و دایکی منداڵەکەش برینداربوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە پارێزگای دهۆک ژنێک بە مەبەستی خوازبێنی کردن بۆ یەکێک لە خزمە نزیکەکانی دەچێتە دەرەوە و کاتێک دەگاتە سەر یەکێک لە شەقامەکان ئۆتۆمبێلێک لێیداوە و گیانی لەدەستداوە.
هەر ئەمڕۆ، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە ژنێک دەدات کە منداڵێکی
تەمەن ٢٠ رۆژەی لەباوەشدادەبێت، بە هۆیەوە منداڵەکە دەست بەجێ گیانی لەدەستداوە و
دایکیشی بە سەخی برینداربووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە حەوت
مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢٨٧ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، کە تیایدا ٣١٦
کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٩٩١ کەسیش برینداربوون.
رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان
لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون دادەنرێت لە هەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی
بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە هەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی
شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی هاتوچۆوە هەیە.
كـ. ئـ