سەردێڕ:

گرفت بۆ گەشتەکانی عێراق و ئێران دروستبوو

PM:08:08:16/09/2021

12200 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی فڕۆکەوانی شارستانی ئێران بڕیاریدا سەرجەم گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی لەو وڵاتەوە بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە هەڵپەسێرێت بەهۆی پابەندنەبوون بە رێکارەکانی ڤیزا بەمەبەستی رێگەدان بە زیارەتکارەکانی ئێران.


حەسەن خۆشخو بەرێوەبەری سەرپەرشتیاری فرۆکەخانەکان و هێڵە ئاسمانیەکان لە دەستەی فرۆکەوانی شارستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دەستەکەیان بڕیاری هەڵپەساردنی گەشتەکانی لەگەڵ هێڵی ئاسمانی عێراقی داوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەم بڕیارەش هۆکارەکەی ئەوە بووە، هێڵی ئاسمانی عێراق چەندین جار ئاگادارکردنەوەی دەرکردووە کە هەر گەشتیارێکی ئێرانی ڤیزای پێنەبووبێت ئەوا بلیتی گەشتکردنی پێ نەفرۆشرێت تا نەتوانن بچنە ناو خاکی وڵاتەکەیانەوە.

ئەوەش هاتووە، بەو هۆیەشەوە دەستەی فڕۆکەوانی شارستانی ئێران بڕیاری هەڵپەساردنی سەرجەم گەشتەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی لە ئێرانەوە بۆ وڵاتەکەیی و بە پێچەوانەشەوە رابگەیەنێت، دەشڵێت، ئەم بڕیارە لە سبەینێوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، داوا لە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی کراوە سەرجەم ئەو پارانە بۆ گەشتیارە ئێرانییەکان بگێڕێتەوە کە بە مەبەستی گەشت کردن داوییانە بە کۆمپانیاکە و لە ئێستادا گەشتەکانیان هەڵوەشاوەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دەسەڵاتدارانی عێراق لە کۆتا بڕیاریدا گەشتیارانی ئێرانی پابەند کردبوو بە بەدەستهێنانی ڤیزا بۆ چوونە ناو خاکی وڵاتەکەیەوە بە ئامانجی بەشداریکردن لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی ساڵیادی چلەی کوژرانی حسێنی کوڕی عەلی، سێیەم رابەری شیعەکانی جیهان، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق پێدانی سەرجەم ڤیزاکانی بەگشتیاران هەڵوەشاندەوە.

رۆژی یەکشەممە و لەکاتی سەردانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئێران و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێراندا هەڵگرتنی ڤیزانی نێوان هەردوو وڵاتیان راگەیاند، بەڵام دواتر باڵیۆزی ئێران لە بەغدا وتی، کە هەڵگرتنی ڤیزاکە بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.

 













گەلەری