وەزیرى گواستنەوە و گەیاندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "بەهەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆ لە هەوڵى دریژکردنەوەى ماوەى لێدانى لۆگۆ و لەزگەى تەکسیدان".
وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "لەمیانەى پێشوازیکردنى لە نوێنەرى سەندیکاى کرێکاران و شۆفێرانى تەکسى، ئانۆ جەوهەر وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە ماوەى لێدانى لۆگۆ و لەزگەى تەکسى دریژدەکرێتەوە و بۆ ئەو بابەتە لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆ لەسەر هێڵن".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن داواى لە
شۆفێرانى تاکسى کردووە کە پابەندبن بە لێدانى لۆگۆ و کارتى زانیارى تەکسى بۆ ئەوەى
دووچارى سزاى یاسایى نەبن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بڕیار بوو دوا وادە بۆ لێدانى لەزگەى تەکسى رۆژى
١ى١١ى ٢٠٢١ بێت و سزاى پابەندنەبوونیش بڕى ٥٠٠ هەزار دینار بوو.
پێشتر دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بە ئێن
ئاڕ تی رایگەیاند، هەر شۆفێری تەکسییەک لە رۆژی ١ی تشرینی دووەم لۆگۆ و لەزگەی نەدابێت
لە ئۆتۆمبێلەکەی سزادەدرێت.
دیلان رەشاد باسی لەوەشکردووە، سزاکە بڕی ٥٠٠ هەزار دینارە بۆ هەر
مانگێک، بەجۆرێک بۆ هەر مانگێک دواکەوتن لە تۆمارکردن و لێدانی لۆگۆ و لەزگە بەبڕی
٥٠٠ هەزار دینار سزادەدرێن.
لە ٢٩ی تەمموزی ئەمساڵدا، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن نوسراوێکی ئاڕاستەی
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کرد بە ئامانجی درێژکردنەوەی ماوەی لێدانی لۆگۆ و لەزگەی ئۆتۆمبێلەکابی
تەکسی لە هەرێمی کوردستاندا تاوەکو ١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بەهۆی ئەوەی لەو کاتەدا
ژمارەیەکی زۆر تەکسی نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن.